ئاب 20, 2018 11:25 Asia/Tehran
  • ١٣ کوژراو لە پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی سەعوودی بۆ  سەر بەلەمی ماسیگرانی یەمەنی

لە پەلاماری ڕۆژی یەکشەممەی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی سەعوودی بۆ سەر بەلەمی ماسیگرانی یەمەنی لە قەراخ ئاوەکانی ڕۆژاوای ئەم وڵاتە، ١٣ یەمەنی کوژران و ٨ کەسیش بریندار بوون.

فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی دەسدرێژکاری سەعوودی پێنجشەممە ٩ی ئاگوستیش لە شاری "زەحیان" هەڵکەوتوو لە پارێزگای سەعدە پەلاماری پاسێکی هەڵگری منداڵانی یەمەنیان دا کە بە هۆی ئەو پەلامارەوە ٥٥ منداڵ کوژران و  ٧٧ منداڵی دیکەیش بریندار بوون.

فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی سەعوودی پێنجشەممە ٢ی ئاگوستیش نەخۆشخانەی «الثوره» شهر «الحُدیده»ی بۆردومان کرد کە لەو جەنایەتەدا لانیکەم ٦٠ کەس کوژران و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بریندار بوون.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ تا ئێستا بەجاران جەنایەتەکانی ڕژێمی سەعوودییان لە یەمەن ئیدانە کردووە.

عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە  چواردە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە  و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.

دەسدرێژیی سەربازیی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.

ڕژێمی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی تا ئێستا لەبەر خۆڕاگریی خڵکی یەمەن نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەستە.