ئه‌یلوول 19, 2018 18:44 Asia/Tehran
  • کوژرانی پانزە تیرۆریستی داعش لەسنووری ئێراق لەگەڵ سووریا

هێزە ئاسایشیەکانی ئێراق لەمیانەی هەڵمەتێکدا توانیان پانزە ئەندامی تاقمی ڕەشەکوژی داعش لەنزیک سنورەکانی ئێراق لەگەڵ سووریا بکوژن.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ چوارشەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، ناوەندی میدیایی ئەرکانی سەرکردایەتی هاوبەشی سەربازیی ئێڕاق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو پانزە داعشییە لەئەشکەوتێک لەباکوری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی "عکاشات" لەڕۆژاوای پارێزگای ئەنبار کە وەک حەشارگە کەڵکیان وەردەگرت، کوژران.

بەپێی ئەو ڕاپۆرە، لەو ئەشکەوتەدا دەست داگیراوە بەسەر بڕێکی زۆری پشتێنی تەقینەوەیی و چەکەمەنی کە تیرۆریستانی داعش کەڵکیان لێ وەردەگرت.

حکومەتی ئێراق دیسەمبەری٢٠١٧، کۆتایی ئامادەبوونی سەربازیی گرووپی تیرۆریستیی داعشی ڕاگەیاند، بەڵام پاشماوەی تیرۆریستان لەشوێنە جیاجیاکان بڵاوبوونەوە. سوپاو هێزە جەماوەرییەکانی ئێراق تائێستا ئۆپراسیۆنی جۆراوجۆریان بۆ پاکتاوکردنی ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە لەبوونی تیرۆریستانی بەجێماوی داعشی ئەنجام داوە.

لەهەواڵێکی دیکەدا، دادگەی سزادانی "الکرخ" لە بەغدا ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیاری لەسێدارەدانی دەرکرد بۆ "ئیسماعیل عیلوان عیساوی" کە یەک لە سەرانی سەرەکیی ڕێکخراوی تیرۆریستیی تەکفیریی داعشە.

عیساوی وەک بەرپرسی کۆمیتەی دیاریکرانی "والی" و "ئەمیرانی دیوانەکانی داعش" ، وەزیری دەرکردنی فەتواو ئەندامی ئەنجومەنی داعش و یاریدەری "ئەبوبەکر بەغدادی" خەلیفەی خۆناونراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دەهاتەئەژمار.

وەزارەتی دادی ئێراق لەساڵی ڕابردووەوە دەستی کردووە بە جێ بەجێ کردنی بڕیارەکانی لەسێدارەدانی ئەنجامدەرانی هەوڵە تیرۆریستییەکان.

 

سەرپەیڤ