ئه‌یلوول 25, 2018 15:03 Asia/Tehran
  • کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی زایۆنییەکان لە لایەن لاوانی فەلەستینییەوە

فەلەستینییەکان فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی رژیمی زایۆنییان لە کەرتی غەززە خستە خوارەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا بە گێڕانەوە لە هەواڵدەریی فەلەستینی "معا" ؛ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ڕژێمی زایۆنی ڕۆژی دووشەممە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە لە سنووری نێوان کەرتی غەززە و فەلەستینی داگیرکراو خرایە خوارەوە.

لە لایەکی دیکەوە، سوپای ڕژێمی زایۆنی ئەمڕۆ فەلەستینییەکانی بەشدار لە ڕێپێوانی دەریایی بە ناوی "تێکشکاندنی گەرمارۆی غەززە"ی دایە بەر پەلامار.

دوابەدوای ئەو پەلامارە، خۆپیشاندەرێکی فەلەستینی شەهید بوو و تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ فەلەستینیش لەوان یەکێک لە وێنەگرانی هەواڵدەریی ئانادۆڵیی تورکیا بریندار بوو.

ڕژێمی زایۆنی لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە پاش سەرکەوتنی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامیی فەلەستین (حماس) لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، کەرتی غەززەی گەمارۆ داوە و پێش بە گەیشتنی سووتەمەنی، خۆراک، دەرمان و کەرەستەی بیناسازی بەو ناوچەیە دەگرێ. ئەو گەمارۆیە ڕەوشێکی دژواری  بۆ دانیشتووانی غەززە بەدی هێناوە.

هەروەها ؛ شاروومەندانی فەلەستینی لە ٣٠ی مارسی ٢٠١٨ـەوە لە ئاراستەی پێداگری لەسەر مافی گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینییەکان و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی کەرتی غەزە لە ڕێپێوانی "مافی گەڕانەوە" لە لێواری سەرسنووریی نێوان کەرتی غەززە و فەلەستینی داگیرکراو بەشداری دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە؛ جەنایەتە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنی لە سای داکۆکیی هەمەلایەنەی ئەمریکا و لێنەهاتوویی و بێ لیاقەتیی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت ڕێکخراوی نەتەوەکان و وڵاتانی بانگەشەکاری مافی مرۆڤ هەر درێژەی هەیە.

سەرپەیڤ