تشرینی یه‌که‌م 16, 2018 19:27 Asia/Tehran
  • دەسپێکرانی ڕەوتی وێران کرانی گوندی فەلەستینی خان ئەحمەر لەلایەن رژیمی زایۆنی

شۆڤڵەکانی سوپای رژیمی زایۆنی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە دەستیان کرد بە وێران کردنی شەقامەکانی دەورووبەری ئاوایی خان ئەحمەر بەئامانجی وێران کردنی بەتەواوەتی ئەو گوندە فەلەستینیە.

دانیشتووانی گوندی خان ئەحمەر لە سارانشینانی بیاوانی "ئەلنەقب" بوون کە ساڵی ١٩٥٣ لەو سارایە لەلایەن رژیمی زایۆنی دەرکران و بەناچار لەو ناوچەیە نیشتەجێ کران.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)؛ "قاسم عەواد" ئەندامی "لێژنەی بەرەوڕووبوونەوەی چێکرانی شوورەی نێوانبڕ و شارۆچکەسازی" وتی: ژمارێک لە چالاکوانانی فەلەستینی و لایەنگرانی مافەکانی فەلەستین بەمەبەستی بەرەڤانی و پێش گرتن بە وێران کرانی ئاوایی خان ئەحمەر لەدەروازەی ئەو گوندە لە لێواری ڕۆژاوای چۆمی ئۆردۆن گردبوونەوە.

دادگەی باڵای رژیمی زایۆنی پێنجی سیپتەمبەری ڕابردوو بڕیاری وێران کرانی گوندی خان ئەحمەری دەرکرد.

بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین(حەماس) ئەم بەینە وشداری داوە بە رژیمی زایۆنی لەمەڕ ئەنجام دانی هەرچەشنە کردەیەک بۆ وێران کردنی گوندی خان ئەحمەر.

زایۆنییەکان بەنیازن وێڕای وێران کردنی گوندی خان ئەحمەر، دانیشتووەکانی بەزۆرەملێ بۆ شوێنێکی دیکە بگوێزنەوە. بە وێران کرانی ئەو گوندە جگە لە ئاوارە بوونی بەسەدان فەلەستینی، پەیوەندیی نێوان ناوچە فەلەستینی نشینەکان لە لێواری رۆژاوایی و قودسی داگیرکراو بەکردەوە دەپچڕێت.

سەرپەیڤ