تشرینی یه‌که‌م 18, 2018 15:27 Asia/Tehran
  • مردنی گوماناویی ئەندامێکی تاقمی تیرۆر کردنی خاشقچی

ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکیا ڕایگەیاند: مەشعەل سەعد ئەلبوستانی لە ئەندامانی تاقمە پانزەکەسیەکەی تیرۆر کە بۆ کوشتنی جەمال خاشقچی ڕەوانەی ئەستەموڵ کرابوون، لە ڕووداوێکی ساختەی ترۆمبیل دا کوژرا.

"جەماڵ خاشقچی" ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگرو نەیاری ئالی سەعود دووھەمی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ پاش چونە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵی تورکیا بێ سەر و شوێن کراو زۆرێک لە سەرچاوە ھەواڵییەکان ڕایانگەیاند کە ناوبراو لە لایەن دەست و پێوەندەکانی سەربە ڕژێمی ئالی سەعودەوە کوژراوە. دوای ئەم ڕووداوە بڕێک لە میدیاکانی تورکیا وێنەی پانزە کەسی سەر بە عەرەبستانی سەعودییان بڵاو کردەوە کە کاژێرێک دوای ئەوەی خاشقچی چووە نێو کونسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵی تورکیا، چوونە نێو ئەوبینایەو دوای سێ کاژێر ھاتنە دەرەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنج شەممەی ئیرنا بە گێڕانەوە لە یەنی شەفەقی تورکیا،مەشعەل سەعد ئەلبوستانی لە ئەندامانی تاقمە پانزەکەسیەکەی تیرۆری خاشقچی لە ڕیازی پێتەختی عەرەبستاندا بە شێوەیەکی گوماناوی لە ڕووداوێکی ساختەی ترۆمبیل دا کوژراوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ئەلبوستانیی ٣١ ساڵان کە بە پلەی ستوانی لە ھێزی ئاسمانیی شانشینی عەرەبستاندا وەک فڕۆکەوان خەریکی کار کردن بووە، بەو مردنە گوماناوییەی بەشێک لە نھێنییەکانی بێ سەروشوێن کرانی خاشقچیی لە گەڵ خۆی دا ناشتووە.

ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکیا ئەو ڕووداوەی کە بووەتە ھۆی مردنی ئەلبوستانی بە گوماناوی و بە مەبەستی بێ دەنگ کردن و سڕینەوەی شایەتحاڵانی کوژرانی خاشقچی زانیوە.

جێگای ئاماژەیە ناوی "جەماڵ خاشقچی" ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگرو نەیاری ئالی سەعود، لە لیستی کەسانی پێ و شوێنگیراوی کاربەدەستانی ڕیازدا بووە و لە ترسی گیران و لەبەند کران، لە دەروەی عەرەبستان دەژیا.

سەرپەیڤ