کۆڕی زانایانی ئایینی عەرەبستان خوازیاری لەسەر کار لابرانی " بن سەلمان بوو
دوای بڵاوبوونەوەی ئاکامی سەرەتایی لێکۆڵینەوەکانی پولیسی تورکیا لە مەڕ کوشتنی جەماڵ خاشۆقچی ڕۆژنامە نووسی ڕەخنەگری سەعوودی لە ئەستەمۆڵ ، کۆڕی باڵای زانایانی ئایینی عەرەبستان خوازیاری لەسەرکار لاچوونی موحەمەد بن سەلمان پاشمیری ئەو وڵاتە بوو .
بە گوێرەی ڕاپۆڕتی ئیرنا و بە گێڕانەوە لە بنکەی هەواڵیی " عەرەبی 21 " کۆڕی باڵای زانایانی ئایینی عەرەبستان ڕۆژی پێنجشەمە لە بەیاننامەیەکدا وێڕای ئاماژە بە کردەوەکانی زاڵمانە و سیاسەتە هەڵەکانی پاشمیری عەەربستان و تاوانکار بوونی موحەمەد بن سەلمان لە کوشتنی خاشۆقچی خوازیاری لابرانی ناوبراو بوون . ئەو کۆڕە لە بەیاننامەکەی خۆیدا وێڕای جەخت کردن لە سەر کردەوەی هەڵەی بن سەلمان لەوانە گرتنی زانایان و بیرمەندان ، پەرەی گەندەڵی کۆمەڵایەتی و ئیداری بە بەکارهێنانی کەسانی لێنەهاتوو ، بەفێڕۆ دانی دارایی گشتی ، خوازیاری لەسەرکار لابرانی ناوبراو و هەڵبژاردنی کەسێکی شیاو بۆ ئەو پۆستە بوون . جەماڵ خاشۆقچی ڕۆژنامە نووسی 59 ساڵانی ڕەخنەگری سەعوودیا دووی ئوکتوبر دوای سەردانی کونسولخانەی عەرەبستان لە تورکیا ڕفێندرا و بەڵگەکان نیشاندەری کوشتن و ئەنجن ئەنجن کرانی تەرمی ناوبراون . خاشوقچی دوای هەڵبژرادنی بن سەلمان وەک پاشمیری عەرەبستان ئەو وڵاتەی بە جێ هێشت و چوو بۆ ئەمریکا. ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری سەعوودی لە نووسراوەگەلێکدا کە لە ڕۆژنامەی واشنگتون پوست چاپ کرابوو ڕەخنەی گرتبوو لە شەڕی عەرەبستان لە یەمەن و گرتنی پارێزەرانی مافی ژنانی عەرەبستان .