تشرینی یه‌که‌م 19, 2018 07:46 Asia/Tehran
  • زۆر بوونی جم و جۆڵی هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنی لە ناوچەکانی هاوسنوور لەگەڵ کەرتی غەززە

ڕژێمی زایۆنی بە مەبەستی وەبن گوشار نانی دانیشتوانی ناوچەی گەمارۆدراوی غەززە، کەرەستە و چەکی سەربازی زیاتر بەرەو سنووری غەززە بەڕێ کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی تەلەڤزیۆنی ڕۆیتێرز؛ دوابەدوای بڕیاری ڕۆژی چوارشەممەی بەرپرسانی سیاسیی - ئەمنیی ڕژێمی زایۆنی، لە دوێنێ پێنجشەممەوە سوپای ئیسراییل بە سەقامگیر کردنی یەکینە زرێپۆش و سەربازییەکانی لە نزیکی سنووری غەززە، هەموو بنکە و مەتەرێزەکانی دەوروبەری ناوچەی گەمارۆدراوی غەززەی بەهێز کردووە.

هەروەها "بنیامین نەتانیاهوو"ی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی لە دیداری فەرماندەرانی سوپای ئیسراییل هەڕەشەی کرد، ئیسراییل بێتوو پێویست بێ دیسان هەموو گرووپە فەلەستینییەکانی نێو غەززە سەرکوت دەکات.

پێشتر "ئاڤیگدۆر لیبێرمەن" وەزیری شەڕی ئیسراییلیش هەڕەشەی کردووە دەبێ زەبرێکی قورس لە گرووپە فەلەستینییەکانی نێو غەززە بدات.

هەڕەشە و گوڕەشەکانی کاربەدەستانی سیاسی و سەربازیی ڕژێمی زایۆنی دژ بە دانیشتوانی غەززە لە کاتێکدایە کە ئەم ناوچەیە لە ساڵی ٢٠٠٦ بەم لاوە لە لایەن ڕژێمی زایۆنییەوە گەمارۆی زەوینی، ئاسمانی و دەریایی دراوە و دانیشتوانی ئەم ناوچەیە بەرەوڕوو زۆر کێشە و گرفتێک بوونەتەوە.

 

سەرپەیڤ