تشرینی یه‌که‌م 19, 2018 17:55 Asia/Tehran
  • جەختی نەیاران لە سەر بایکۆت کردنی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ڕژێمی ئالی خەلیفە لە بەحرەین

ھەڵسوڕاوان، پەیامنێران و شارومەندانی سەربە چینە جۆربەجۆرەکانی بەحرەین ئەمڕۆ ھەینی نەیارەتیی خۆیانیان لەگەڵ چوونە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان ڕاگەیاندو لە سەر بایکۆت کردنی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان جەختیان کرد.

بە پێی ڕاگەیاندنی ڕژێمی ئالی خەلیفە، ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی بەحرەین ٢٤ی نوامبەری ٢٠١٨ بەرپا دەکرێت.

ئیبراھیم ئەلمەھدون میوانی بەرنامەی حەدیسولبەحرەینی کەناڵی ئەلعالەم ئەمڕۆ ھەینی ڕایگەیاند: قەیران لە بەحرەین دا سیاسییەو یەکێک لە ھۆکارەکانیشی یاسای بنەڕەتییە کە دوای ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان لە ساڵی ١٩٧٥ ئیدی پراکتیزە ناکرێت، ھەر بۆیە خەڵک مافی خۆیانە لەم قەیڕانە بپەڕێنەوە.

شێخ حسەین ئەلدیھی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی ویفاقی نیشتیمانیی بەحرەینیش لە پەیجی توییتێڕەکەی خۆی دا نووسیویەتی: شارومەندانی بەحرەینی نابێ لە ڕەوتی درۆودەلەسەی ھەڵبژاردنی بەحرەین دا بەشداری بکەن کە کاریگەریی تێکدەرانەی سیاسی و ئابووریی ھەیە.

ھەرلەم حاڵەدا بزوتنەوەی مافی بەحرەین ڕایگەیاند:ئەمڕۆ ڕێککەوتنی تاقمەکانی نەیاربۆبایکۆت کردنی ھەڵبژاردن ئەنجامی گرت کە ئەمەش نیشانەی ھەڵوێستێکی ھێزمەندو ستراتژیانەیە بۆ بایکۆت کردنی ڕژێمی خوێنمژی ئالی خەلیفەو ھاوڕێیەتی نەکردنی بەرنامەڕواڵەتی و ڕووکەشانەکەی و ھەوڵدان لە ئاراستەی پوچەڵ کردنەوەیان.

بەحرەین لە ساڵی 2011ی زایینیەوە هەتاکو ئێستا لەگەڵ قەیرانی ناڕەزایەتیی گشتی دا بەرەو ڕووە کە دەرەنجامی سیاسەتەکانی ناباوو سەرکوتکارانەی ڕژێمی ئالی خەلیفەیە.

ڕژێمی دەستەڵاتداری بەحرەین بە پشتیوانیی ڕژێمی عەرەبستان، هەر لە سەرەتای ڕاپەڕینی جەماوەری ئەم وڵاتەوە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوو هەتاکو ئێستا نزیکەی 340 کەسیان شەهیدو  پێنج هەزار کەسیشیان زیندانی کردووە. یانزە هەزار شارومەندیشی  بە تۆمەت و بوختانگەلی بێ ناوەڕۆک ڕاپێچ کردووە.بەحرەین لەو وڵاتانەیە کە لەچاو حەشیمەتەکەی زیاترین ژمارەی زیندانی کراوی هەیە. بە قسەی ڕێکخراوە مافەوانییە خۆجێییەکانی ئەم وڵاتە، لانیکەم سێ هەزار شارومەندی بەحرەینی لە بەر هۆکاری سیاسی لە بەندیخانەدا بەسەر دەبەن.

 

سەرپەیڤ