تشرینی یه‌که‌م 21, 2018 09:32 Asia/Tehran
  • ئەمیر عەبدوڵاهیان لە دیداری بەڕێوەبەری گشتیی ناوچەیی خاچی سوور: خەڵکی یەمەن لە دۆخێکی کارەساتباردان

یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتیی ئێوارە شەممە لە دیداری "فابریزیۆ کاربۆنی" بەڕێوەبەری گشتیی نوێی ناوچەیی لێژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە تاران وتی: خەڵکی یەمەن لە ڕەوشێکی تەواو کارەساتباردان.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر؛ "حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" ڕایگەیاند؛ دەستێوەرانی عەرەبستانی سەعوودی باروودۆخی یەمەنی  ئەوەندە قەیراناوانی کردووە کە تەنانەت خاچی سووریش لە یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی ئەم وڵاتە داماوە و هیچی لە دەست نایە.

یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتیی ڕاشکاوانە رایگەیاند؛ هەیڤی سووری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەی ئەوەیە تا هەرچەشنە یارمەتی و خزمەتێک لە بواری دەرمان و پزشکی لە پێناو کەم کردنەوەی کێشە و موسیبەتی خەڵکی زوڵملێکراوی یەمەن بخاتە بەردەستی خاچی سوور.

"ئەمیرعەبدوڵاهیان" جەختی کرد دەسدرێژیی سەربازیی عەرەبستان بۆ سەر یەمەن کە بە هۆی داکۆکیی لۆجستیکیی ئەمریکا بەردەوام بووە، دەبێ راگیردرێ.

"فابریزیۆ کاربۆنی" ـیش لەو دیدارەدا بە ئاماژە بە دەوری کاریگەری کۆماری ئسلامیی ئێران لە ناوچەکە ڕایگەیاند؛ تاران دەتوانێ لە ئاراستەی ئامانجە مرۆڤدۆستانەکاندا یارمەتییەکی بەرچاو بدات بە لێژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور.

"کاربۆنی" ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ ئێران دەورێکی بنەڕەتی دەگێڕی لە ئاراستەی دامەزرانی هێوری لە ناوچەکەدا.

 بەڕێوەبەری گشتیی نوێی ناوچەیی لێژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور هەروەها بە ئاماژە بە قەیرانی یەمەن وتی: باروودۆخی مرۆیی لەم وڵاتە تەواو دڵتەزێن و کارەساتبارە.

کاربۆنی جەختی کرد قەیرانی  یەمەن ڕێگاچارەی سەربازیی نییە.

عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە  چواردە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە  و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.

دەسدرێژیی سەربازیی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.