تشرینی دووه‌م 21, 2018 08:41 Asia/Tehran
  • کارناسێکی ڕێکخراوەی نەتەوەکان: ٢٢ ملوێن یەمەنی دەستیان بە خۆراک ڕاناگات

کارناسێکی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕۆژی سێ شەممە ڕەوشتی یەمەنی بە کارەساتبار زانی و وتی: ٢٢ ملوێن یەمەنی دەستیان بە خۆراک ڕاناگات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەلعالەم، « ئاسترید ستکێلبێرگ» کارناسی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ھەروەھا ئاماژەی کردووەتە نەخۆشیی کۆلێرا و وتوویەتی : کۆلێرا ھەڕەشە لە گیانی ملوێنان یەمەنیی دەکات.

« ئاسترید ستکێلبێرگ» ڕاشیگەیاندووە کە یەمەن گەورەترین مەکۆی بڵاو بوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرایە لە سەدەی بیست و یەک دا.

بە بەردەوام کرانی شاڵاوەکانی عەرەبستان بۆ سەر یەمەن و تێکدرانی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تایبەت تۆڕی ئاوگەیاندن، نەخۆشیی کۆلێرا لە یەمەن دا خەریکی پەرەسەندنە.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.