تشرینی دووه‌م 26, 2018 18:22 Asia/Tehran
  • پارتە بەحرەینییەکان: سەفەری بن سەلمان بۆ مەنامە بەشێکە لە گەڵاڵەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل

ڕەوتی ئیسلامیی ئەلوەفاو بزووتنەوەی ئازادی و دیموکراسی(حق) ی بەحرەین، سەفەری پاشمیری سەعوودیا بۆ مەنامەیان بە بەشێک لە هەوڵی هاوبەشی رژیمەکانی ئالی خەلیفەو ئالی سەعود زانی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، ڕەوتی ئیسلامیی ئەلوەفاو بزووتنەوەی ئازادی و دیموکراسی(حەق) ی بەحرەین لەبەیاننامەیەکی هاوبەش بەئاماژە بە هاوکاتبوونی سەفەری بن سەلمان بۆ چەند وڵاتی عەرەب لەوان بەحرەین و هەوڵی بێنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ سەفەر بۆ ژمارێک وڵاتی عەرەبی ناوچە، وتی: ئالی خەلیفەو ئالی سەعوود لەهەوڵی ئامادەکردنی پێشەکییەکانی جێ بەجێ کرانی گەڵاڵەی ئەمریکی"مامەڵەی سەدە"ـن.

"محەممەد بن سەلمان" پاشمیری سەعودی پێنج شەممەی ڕابردوو سەردانی ئیماراتی کرد و لەوێشەوە گەیشتە بەحرەین وبڕیارە سەردانی ئەلجەزاییر، میسر، تونس وموریتانیش بکات.

ئەلمەیادینیش ڕاپۆری دا: رژیمی زایۆنی بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی دیپلۆماتیکی فەرمی لەگەڵ بەحرەین هەوڵ دەدا. بێنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی رژیمی زایۆنی ڕۆژی یەکشەممە وتی: بەزوویی سەردانی ژمارێک وڵاتی عەرەبی دەکا.

هەوڵی ژمارێک وڵاتی عەرەب بەسەرکردایەتی رژیمی ئالی سەعوود بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژیمی زایۆنی لەکاتێکدایە کە ئەو رژیمە بەگوێرەی ئاماری فەرمی لەساڵی١٩٦٧ هەتا ٢٠١٧ زیاتر لەچل ودوو هەزار فەلەستینی شەهید کردووەو دەیان هەزار کەسیشی بریندار و ئاوارە کردووە.

سەرپەیڤ