کانونی یه‌که‌م 05, 2018 08:51 Asia/Tehran
  • دوای ١٨ مانگ بایکۆت و گەمارۆدان، شاسەلمان میری قەتەر بۆ سەردانی عەرەبستان بانگێشتن دەکات

سەلمان بن عەبدولعەزیز پاشای عەرەبستانی سەعودی ڕۆژی سێ شەممە بە شێوەیەکی فەرمیانە « شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی» میری قەتەری بۆ بەشداری لە سی و نۆھەمین کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ھاوکاریی کەنداوی فارس بانگێشتن کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس  سی و نۆھەمین کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ھاوکاریی کەنداوی فارس  نۆھەمی دیسامبەر لە شاری «دەمام»ی ڕۆژھەڵاتی عەرەبستان بەڕێوە دەچێت.

سەرچاوە کوەیتییەکان ڕۆژی ھەینی ڕایانگەیاند بوو کە عەرەبستانی سەعودی بەم زووانە میری قەتەر بۆ بەشداری لەم دانیشتنەدا بانگێشتن دەکات.

کارناسان ڕایانگەیاندووە کە بانگێشتنی فەرمیانەی سەعودییەکان لە میری قەتەر بۆ بەشداری کردن لە سی و نۆھەمین کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ھاوکاریی کەنداوی فارس لە شاری «دەمام» لە ڕاستی دا بە واتای پێمل بوون بە شکست ھێنانی سیاسەتەکانی عەرەبستان و ھاوپەیمانەکانی لە داسەپاندنی بایکۆت و گەمارۆ بە سەر دەوحەدایە.

دوای گەشتەکەی مانگی مای  ٢٠١٧   داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ عەرەبستان و واژۆ کرانی پەیماننامەیەکی چەکەمەنیانە لە نێوان واشێنگتۆن و ریاز و هەروەها لێدوانەکەی ترەمپ لە دانیشتنەکەی ڕیاز دا، ناکۆکیی نێوان قەتەرو عەرەبستان و وڵاتە عەرەبییەکانی دیکە ئاشکرا بوو.

عەرەبستانی سەعودی، میسر، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و بەحرەین لە پێنجەمی ژوئەنی 2017 ەوە لە بەر هاوتەریب نەبوونی دەوحە لەگەڵ ڕەوتی عەرەبی بە سەرکردایەتیی ڕیاز، دەوڵەتی قەتەریان  بە پشتیوانی کردن لە تیرۆریزم تۆمەتبار کردو پەیوەندیی  سیاسی و ئابووریی خۆیانیان لەگەڵ ئەم وڵاتە پچڕاند . ئەم وڵاتانە جیا لە داسەپاندنی بایکۆت بە سەر ئەم قەتەردا، سنوورەکانی زەوی و دەریاو ئاسمانی خۆشیان لە ڕووی داخست.

وڵاتانی عەرەبستانی سەعودی، میسر، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و بەحرەین ٢٣ی ژوئەن پێڕستی سیانزە مەرج و داخوازییان خستە بەردەم قەتەر و ڕایانگەیاند کە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەوحەدا بەسراوەتەوە بە ڕاپەڕێندرانی ئەم مەرجانەوە. گرینگترینی ئەو مەرجانەی کە عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی بۆ دەوحەیان دیاری کرد بوو،داخستنی یەکجاریی کەناڵی ئەلجەزیرە،پێچانەوەی بنکەی سەربازیی تورکیا لە خاکی قەتەرو ڕاگرتنی هاوکاریی سەربازی لەگەڵ ئانکارا، دابەزاندنی ئاستی پەیوەندیی دیپلۆماسیانە لەگەڵ تاران و پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ ئێخوانولموسلمین،حیزبوڵڵاو خۆیان وتەنی پەیوەندی لەگەڵ تاقمە تیرۆریستییەکانی قاعیدەو داعشە.ئەم چوار وڵاتە دە ڕۆژ مۆڵەتیان دایە قەتەر هەتا وەڵامی ئەم سیانزە مەرجەیان بۆ ئاسایی  کردنەوەی پەیوەندییەکان بداتەوە. کەچی سەرباری ئەوەش دەوڵەتی دەوحە پێملی داخوازییەکانی ئەو وڵاتە عەرەبیانە نەبوو.