کانونی یه‌که‌م 05, 2018 19:21 Asia/Tehran
  • سکاڵای لوبنان لە رژیمی زایۆنی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان

وەزیری دەرەوەی لوبنان فەرمانی دا سکاڵایەک لەدژ رژیمی زایۆنی ئامادەبکرێ بۆ ئاراستەکردن بە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان.

بەپێی راپۆری ئەمڕۆ چوارشەممەی هەواڵدەریی ئیرنا بەگێڕانەوە لە هەواڵدەریی نیشتمانیی لوبنان، ئەو سکاڵایە لەبەر دەسدرێژکاریی بەردەوامی رژیمی زایۆنی بۆسەر لوبنان ئامادە دەکرێ.

رژیمی زایۆنی بەشێوەی مامناونجی لەهەر مانگدا، ١٥٠جار لەڕێی سنوری زەوینی، دەریایی وئاسمانی ، سنوری لوبنان دەبەزێنێ.

رژیمی دەسدرێژکاری زایۆنی یەکەمجار لەساڵی١٩٧٨ گەیشتە خاکی لوبنان، پاشان لەساڵی١٩٨٢، سوپای ئیسرائیل لە پەلامارێکی بەرفراوان بۆسەر خاکی لوبنان ، باشووری ئەو وڵاتەی داگیرکرد بەڵام لەمای٢٠٠٠ ناچار بوو لە بەشی زۆری باشوری لوبنان بچێتەدەر.

لوبنان و فەلەستینی داگیرکراو ٧٩ کیلۆمتر سنوری هاوبەشیان هەیە، بەرپرسانی لوبنانی چەندین جار خەختیان لەوە کردووە کە کێڵگەکانی شەبعا و تەپۆڵکەکانی کفرشوبا لە چنگ رژیمی زایۆنی دان و دەبێ بگەڕێندرێنەوە سەر خاکی لوبنان.

فەرمانی وەزیری دەرەوەی لوبنان بۆ سکاڵا لەدژ رژیمی زایۆنی، ڕۆژێک پاش ئیدیعای سوپای ئەو رژیمە لەمەڕ دۆزینەوەو لەناوبردنی تۆنێلە ژێرزەوینیەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لەناوچە سنوریەکان لەگەڵ فەلەستینی داگیرکراودا ئەنجام دەگرێ.