کانونی یه‌که‌م 07, 2018 12:09 Asia/Tehran
  • سەرۆکی لێژنەی دانوستانکاری ئەنساروڵڵا: دانوستانی ئاشتیی یەمەن دەبێ لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەن بکرێ

سەرۆکی لێژنەی دانوستانکاری ئەنساروڵڵای یەمەن لە دانوستنەکانی ئاشتیی سوید وتی: ئەنجامی دانوستانەکانی ئاشتیی یەمەن دەبێ لە چوارچێوەی پێشنووسی بڕیارنامەیەک لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەن بکرێ کە جێبەجێ کرانی ئەو بڕیارنامەیە پێویست بێ.

"محەممەد عەبدوسەلام" سەرۆکی لێژنەی دانوستانکاری ئەنساروڵڵای یەمەن لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی هەواڵی ئەلمەیادین وتیشی: دانوستانەکانی سوید بە بەشداری نوێنەرانی زیاتر لە ٢٠ وڵات ئەوەی سەلماند کە  چالاکیی سەربازی بە بێ ڕێگاچارەی سیاسی هیچ کێش و پشتوانەیەکی نییە و بڕیارنامەی ٢٢١٦ کە داپۆشێک بوو بۆ پەلاماری سەربازیی چوار ساڵەی هاوپەیمانیی سەعوودی بۆ سەر یەمەن، دەبێ سەر لە نوێ پێداچوونەوەی بە سەردا بکرێ.

بڕیارنامەی ٢٢١٦ی ئەنجومەنی ئاسایش لە ژێر بڕگەی وەرزی حەوتەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکەوتی ١٤ی ئاپریلی ٢٠١٥ بە ١٤ دەنگی ئەرێنی و دەنگی بێلایەنی ڕووسیا دژ بە "ئەنساروڵلای یەمەن" بە بێ ئاماژە بە پەلامارە سەربازییەکانی عەرەبستان دژ بە خەڵکی یەمەن و بە داکۆکی لە یاسایی بوونی حکومەتی "عەبدوڕەبە مەنسوور هادی" سەرۆک کۆماری وازلە کارهێناوی یەمەن، پەسەن کرا.

عەبدوسەلام بە ئاماژە بە مەسەلەی پێویستیی راگیردرانی شەڕ و کارەساتەی داسەپێندراوەکانی بە سەر یەمەن لە کۆڕە نێودەوڵەتییەکاندا وتیشی: بە بڕوای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی شەڕی عەرەبستان دژ بە یەمەن، نەک هەر هیچ دەسکەوتێکی لە ئاستی سیاسیدا نابێ بەڵکو تەنیا دەبێتە هۆی تەشەنەپێدرانی زیاتری قەیران و شەڕ و پێکدادانی ناوخۆیی و ناوچەییش زیاتر بڵێسە پێ دەدات.

ئەم کاربەدەستە باڵای دانوستانکاری ئەنساروڵلا هەروەها بە ئاماژە بە پێویستیی پێکهاتنی دەوڵەتیی کاتی لە یەمەن بە بەشداریی هەموو گرووپەکان وتی: ماوەی دەسەڵاتدارێتیی دەوڵەتی کاتی و ئەرک و ئەستۆگرییەکانی دیاری دەکرێ و ئەو ماوەیە نوێ ناکرێتەوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، چەکداماڵینی هەموو گرووپەکان لە سەرانسەری یەمەن لە ژێر کۆنترۆڵ و چاوەدێریی دەوڵەتی کاتی جێبەجی دەکرێ.

دانوستانی یەمەنی - یەمەنی ڕۆژی پێنجشەممە لە ستۆکهۆڵمی پێتەختی سوید دەست پێبووە.

عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە  چواردە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە  و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.

شەڕنانەوەکانی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.

ڕژێمی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی تا ئێستا لەبەر خۆڕاگریی خڵکی یەمەن نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەستە.

 

سەرپەیڤ