کانونی یه‌که‌م 12, 2018 14:27 Asia/Tehran
  • پێشنیاری ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ ھەردووک لای تێکھەڵچوونەکانی یەمەن لەمەڕ کشانەوە لە بەندەری حودەیدە

ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانوستانەکانی ئاشتیی یەمەن لە سویید کە «مارتین گریفیتس» وەک نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە تیای دا بەشدارە، پێشنیاری بە ھەردووک لای تێکھەڵچوونەکان کردووە لە بەندەری گرینگ و ھەستیاری حودەیدە بکشێنەوە.

سەرچاوەیەکى نزیک لە دانوستانەکانى ئاشتى یەمەن بە ئاژانسی ڕۆیتەرزى ڕاگەیاندووە لە پێشنیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس لە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش کراوە بۆ بەڕێوەبردنی بەندەری گرینگ و ھەستیاری حودەیدە. بە قسەی ئەم سەرچاوەیە ئەگەر بێتوو ھەردووک لای تێکھەڵچوونەکانی یەمەن بەو پێشنیارە ڕازامەند بن ئەوسا چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شارەکەدا بڵاودەکرێنەوەو کاروباری ئەم شوێنەیان پێ دەسپێردرێت.

بەپێی وتەى سەرچاوەکە ئەگەر هەردوولایەنى جەنگ لەو وڵاتە لە حودەیدە بکشێنەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنی پاراستنی ژیانى دانیشتووانی ئەم شارەی داوە لە هێرشی هاوپەیمانێتى عەرەبى بەسەرۆکایەتى سعودییە بۆ سەر ئەم ناوچەیە کە دەروازەى گەیاندنى هاوکارىی مرۆڤیە بۆ هاوڵاتیانى یەمەن.

لە دەستپێکی دانوستانەکانی ئاشتی یەمەندا لە سوید، هەردوولایەنی تێکھەڵچوونەکانی یەمەن، ڕێککەوتن لەسەر گۆڕینەوەی  هەزاران دیلی یەکترو «مارتین گریفیتس» نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەنیش ئەو هەنگاوەى وەک خاڵێکی ئەرێنیی دانوستانەکان نرخاند.

جێگای ئاماژەیە کە شاندی دەوڵەتی ڕیاز لە دانوستانەکانی سویید کشانەوەی یەک لایەنەی سەنعاو ھێزە شۆڕشگێڕەکان لە بەندەری حودەیدەی ڕۆژئاوای یەمەنی وەک گرینگترین مەرجی قەبووڵ کردنی ئاشتی ڕاگەیاندووە کە ئەمەش لە لایەن جەماوەری یەمەنەوە ڕەت کراوەتەوە.

ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودی لە ١٣ی ژوئەن دا دەست درێژکارییەکی ھەمەلایەنەی ، ئاسمانی،دەریایی و زەوینی بە پشتیوانیی ھێزەکانی ئەمریکاو فەرانساو بریتانیا بە مەبەستی داگیرکردنی بەندەری حودەیدە دەست پێ کردووە کە ھەتاکو ئێستا لە ئەنجامی خۆڕاگریی ھێزەکانی یەمەن ، ئەم شاڵاوانە شکستیان ھێناوە. .

دوای ئەوەی کە پەلەقاژەی عەرەبستان و ئەمریکا بۆ دەست گرتن بە سەر تاکە ڕێگای دەست ڕاگەییشتنی هێزەکانی یەمەن بە دەریای سوور لە بەندەری ئەلحودەیدەی ڕۆژئاوای یەمەن شکستی هێنا، باسی ڕادەست کردنی ئەم بەندەرە بە لایەنێکی سێهەم لە لایەن «ئیسماعیل وەلەد شێخ ئەحمەد» هاتە ئاراوە.

جێگای ئاماژەیە کە بەندەری حودەیدە سەرەکی ترین ڕێگای ناردرانی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانەیە بۆ یەمەن ، ئەم بەندەرە دابینکەری سەدی هەشتای خۆراکی جەماوەری یەمەن و شوێنێکی هەستیاروگرینگە بۆ گواستنەوەو وەرگرتنی یارمەتییە نێونەتەوەییەکان.

 

 

سەرپەیڤ