کانونی یه‌که‌م 18, 2018 10:14 Asia/Tehran
  • ئاگربڕ لە حودەیدەی یەمەن دەست پێ بووە

ئاگربڕی ڕێککەوتن لە سەر کراو لە نێوان لایەنە یەمەنییەکان لە سوید لە کاژێر 00:01 ی سەر لە بەیانی سێشەممە بە کاتی یەمەن (کاژێر 00:31 ی نیوەشەو بە کاتی تاران) لە شاری بەندەریی حودەیدە هەڵکەتووو لە ڕۆژانی ئەم وڵاتە دەست پێ بوو.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ مارتین گریفیتس" Martin Griffiths  نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری یەمەن ئەمڕۆ سێشەممە بە راگەیاندنی ئەم هەواڵە جەختی کرد لێژنەی هەواهەنگیی سەبارەت بە جێبەجێ کرانی ئاگربڕ کاری خۆی دەست پێ کردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە فڕۆکە جەنگیی هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودی ڕۆژی دووشەممە لە سەروبەندی دەسپێبوونی ئاگربڕ، سێ جار ناوچەی "الضحی"ـیان لە پارێزگای حودەیدە بۆردومان کرد.

هەروەها "محەممەد عەلی حوسی" سەرۆکی لێژنەی باڵای شۆڕشی یەمەن پێشوازیی کردن لە دامەزرانی ئاگربڕ لە حودەیدە.

بەندەری حودەیدە سەرەکیترین ڕێگای گەیاندنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بە خەڵکی یەمەنە.

چوارەمین خولی دانوستانی ئاشتیی یەمەن لە شەشەمی دێسەمبەرەوە بە بەشداریی لایەنە یەمەنییەکان بە سەرۆکایەتیی "مارتین گریفیتس" Martin Griffiths نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەکان لە کاروباری یەمەن دەست پێ بوو و ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی دێسەمبەر بە ڕێککەوتن سەبارەت بە ئاگربڕی حودەیدە هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای یەمەن، کۆتایی بە کاری خۆی هێنا.

تا ئێستا چەندین جار هەوڵ دراوە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن بەڵام هەر جار بە تەگەرەنانەوەکانی عەرەبستان  و هاوپەیمانەکانی گەیشتۆتە چەق بەستوویی.

عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە  چواردە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە  و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.

شەڕنانەوەکانی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.