کانونی یه‌که‌م 21, 2018 18:02 Asia/Tehran
  • ئەمریکا جەماوەری عەرەبستانی بۆ خۆپیشاندان بانگێشتن کرد

باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ڕیاز لە ھەژماری توییتێڕەکەی خۆی دا لە پەیامێکی ڤیدیۆیی، وێڕای ھاندانی جەماوەری عەرەبستان بۆ بەرپا کردنی خۆپیشاندان، ناڕەزامەندیی ئاشتی خوازانەی بە کاریگەرترین ڕێگا زانی بۆ دروست کردنی ئاڵ و گۆڕ.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ئیرنا، باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ڕیاز وێڕای بڵاو کردنەوەی گرتەیەک لە ھەژماری توییتێڕەکەی خۆی دا، نووسی: موتاڵاو توێژینەوەکان ئەوەی سەلماندووە کە بەرپا کردنی خۆپیشاندان و  ناڕەزامەندیی ئاشتی خوازانەی بەبێ توندوتیژی لە نێوان ساڵانی ١٩٠٠ ھەتا ٢٠٠٦ی زایینی، زیاترو خێراتر لە ھەر شێوازێکی دیکە بە ئەنجامی پێویست دەگات.

بڵاو بوونەوەی ئەم پەیامە ھەراسازکەرە لە لە ھەژماری توییتێڕی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ڕیازی پێتەختی عەرەبستانی سەعودی سەبارەت بە بانگێشتنی خەڵک بۆ  بەرپاکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزامەندیی ئاشتی خوازانە کاردانەوەی جۆربەجۆری لێ کەوتووەتەوە.

کۆمەڵێک لە لایەنگرانی ئالی سەعود ئەم کردارەیان وەک گڵۆپی سەوز ھەڵکردنی ئاشکرای ئەمریکا بۆ بەرپا کرانی خۆپیشاندان و دروست کردنی بشێوی لە عەرەبستاندا لێک داوەتەوە. ئینجا لە بەرامبەردا کۆمەڵێک لە کاربەرانیش، ئەمریکایان لەو ڕادەربڕینەی دا بە ناڕاستگۆو درۆزن زانیوەو لەو باوەڕەدان کە کە دەرەنجامی دیموکراسیی درۆینەی ئەمریکی لە سووریا، عێراق ، ئەفغلنستان و لیبی ، بەش ڕژانی خوێنی خەڵکی بێ دەرەتانی لێ کەوتووەتەوەو بەس.

باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ڕیاز لە ھەل و مەرجێکدا ئاوا توییتێکی بڵاو کردووەتەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو سەعودی دوابەدوای کوژرانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگرو نەیاری  ڕژێمی سەعوودی ئاڵۆسکاوە.

عەرەبستان لەپاش دەستەڵات گرتنی موحەممەدی کوڕی سەلمان لەم وڵاتە، شایەتی ڕووداوگەلێکی جۆربەجۆری وەک توند بوونەوەی شەڕی یەمەن و ڕاپێچ کردن و کوشتنی نەیاران لە نێوخۆو دەرەوەی ئەم وڵاتەیە. قەیرانگەلێک کە چاودێران لەو باوەڕەدان کۆمەڵگای عەرەبستان بەم زووانە تووشی ئاڵۆزی و چەندبەرەکی دەکات.

سەرپەیڤ