کانونی دوھەم 02, 2019 07:56 Asia/Tehran
  • هاوپەیمانیی سەعودی ١٩١ جار ئاگربەس لە حودەیدەی بەزاند

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن دوێشەو(سێ شەممە) ڕایگەیاند، پێشێلکرانی ئاگربەس لە شاری بەندەریی "حودەیدە" لە ڕۆژاوای ئەو وڵاتە لەلایەن هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودیا بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "یەحیا سەریع" وتی: دەسدرێژکاری سەعودیا لە چل وهەشت کاژێری ڕابردوودا ١٩١ جار ئاگربەس لە شاری حودەیدەیان پێشێل کردووە.

یەحیا سەریع هەروەها وتی: فڕۆکە جەنگییەکانی سەعودیا لەماوەی چل و هەشت کاژێری ڕابردوو، سی و حەوت جار هێرشیان کردەسەر ناوچە جیاجیاکانی یەمەن.

ئاگربەسی ڕێککەوتن لەسەر کراو لە سۆئێد لەنێوان گرووپە یەمەنییەکان لە سەرلەبەیانی رۆژی سێ شەممە١٨ی دیسەمبەرەوە لەشاری حودەیدە دەس پێ بووە بەڵام هاوپەیمانیی سەعودی هەموو ڕۆژ پێشێلی دەکا.

بەندەری حودەیدە، سەرەکیترین ڕێگای ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ یەمەنە.

چوارەمین خولی دانوستانەکانی ئاشتیی یەمەن لە شەشی دیسەمبەرەوە بەئامادەبوونی لایەنە یەمەنییەکان بەسەرۆکایەتی "مارتین گریفیتس" نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەن لە ستۆکهۆڵمی سۆئێد دەس پێ کراو رۆژی پێنج شەممە١٣ی دیسەمبەر بەڕێککەوتن لەسەر ئاگربەس لە حودەیدە، کۆتایی بەکارەکەی هێنا.

تائێستا چەندین جار بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن، هەوڵ دراوە بەڵام هەموو جارێک بە تەگەرەنانەوەی عەرەبستان وهاوپەیمانانی ، گەیشتۆتە بنبەست.

سەرپەیڤ