کانونی دوھەم 08, 2019 10:24 Asia/Tehran
  • ھاوپەیمانیی سەعودی ٢٦٣ جار ئاگربڕی لە حودەیدەدا پێشێل کردووە

وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی یەمەن شەوی سێ شەممە باسی بەردەوامیی پێشێلکرانی ئاگربڕی کرد لە بەندەری حودەیدەی ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە لە لایەن ھاوپەیمانیی سنوور بەزێنی سەعودییەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا یەحیا سەریع وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی یەمەن پێی داگرت: دەست درێژکارانی سەعودی و بەکرێگیراوەکانی لە ماوەی ٢٤ کاژێری ڕابردوو  ٢٦٣ جار ئاگربڕیان لە حودەیدە پێشێل کردووە.

وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی یەمەن ھەروەھا وتیشی: فڕۆکە شەڕکەرەکانی ھاوپەیمانیی سەعودی ٢٩ جاریش ھێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی دیکەی یەمەن.

چوارەمین خولی دانوستانی ئاشتیی یەمەن لە ڕۆژی پێنج شەممە شەشەمی دیسامبرەوە بە ئامادە بوونی لایەنەکانی یەمەنی ھاوڕێ لەگەڵ مارتین گریفیتس نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەن لە ستۆکھۆڵمی سویید دەستی پێ کراو ڕۆژی پێنج شەممە ١٣ی دیسامبەر بە ڕێککەوتنی لایەنەکان لە سەر دامەزرانی ئاگربڕ لە حودەیدەی ڕۆژئاوای یەمەن کاری خۆی کۆتایی پێ ھێنا. بەم پێیە ڕێککەوتنی ئاگربڕ لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێ شەممە ١٨ی دیسامبەرەوە لە شاری حودەیدە چووەتە واری جێبەجێ کردنەوە کەچی ھاوپەیمانیی سەعودی بەردەوام و بە شێوەی ڕۆژانە پێشێلی دەکات.

ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودی لە ١٣ی ژوئەن دا دەست درێژکارییەکی ھەمەلایەنەی ، ئاسمانی،دەریایی و زەوینی بە پشتیوانیی ھێزەکانی ئەمریکاو فەرانساو بریتانیا بە مەبەستی داگیرکردنی بەندەری حودەیدە دەست پێ کردووە کە ھەتاکو ئێستا لە ئەنجامی خۆڕاگریی ھێزەکانی یەمەن ، ئەم شاڵاوانە شکستیان ھێناوە. بەندەری حودەیدە سەرەکی ترین ڕێگای ناردرانی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانەیە بۆ یەمەن.