کانونی دوھەم 08, 2019 14:05 Asia/Tehran
  • سەردانی نھێنیی سەرۆکی پارتی کاری ڕژێمی زایونی بۆ میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان

کەناڵی دەی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایونی شەوی سێ شەممە باسی سەردانی نھێنی «ئاڤی گابای» سەرۆکی پارتی کاری ئەم ڕژێمەی کرد بۆ میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس،کەناڵی دەی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایونی ڕایگەیاندووە،«ئاڤی گابای» سەرۆکی پارتی کاری ئەم ڕژێمە لە بەرواری دووھەمی دیسامبەری ٢٠١٨ سەردانی  میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکانی کردووە چاوی بە سێ کەس لە ئەندامانی پایەبەرزی ئەو وڵاتە کەوتووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە،ئاڤی گابای لەو بەروارەدا لە ڕەوتی گەشتێکی ئاسمانیی بازرگانی لە پێتەختی ئەردەنەوە سەردانی ئەبوزەبیی کردووە. ئەم دیدارە لە ڕێگای نێوەندگرێکی مەغربیی نزیک لە کاربەدەستانی ئیماراتی و بە پێی بانگێشتنی فەرمیانەی ئەو کاربەدەستانە ئەنجامی گرتووە.

تێکھەڵچوونی زایونییەکان لەگەڵ فەلەستینییەکان، سەودای سەدە، گەڵاڵەی سازانی عەرەبی، پرسی ئێران و ڕەوشتی سیاسیی ئیسرائیل لە گرینگترین بابەتگەلێکن کە سەرۆکی پارتی کاری ڕژێمی زایونی و کاربەدەستانی ئیماراتی باسیان کردووە.

کەناڵی دەی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایونی ڕایگەیاندووە، گابای کە بە پاراستنێکی تایبەتیی ئیماراتییەکانەوە سەردانی ئەبوزەبیی کردبوو، لە بەرواری چوارەمی دیسامبەر گەڕاوەتەوە بۆ فەلەستینی داگیرکراوو دەستبەجێ ڕاپۆرتێکی لە بارەی دەرەنجامی گەشتەکەی داوەتە «یوسی کوھین» سەرۆکی ڕێکخراوەی شۆڤاریی ڕژێمی زایونی واتە موساد.

جێگای ئاماژەیە هەندێک لە سەرچاوەکانی ڕژێمی زایۆنیش بەردەوام باسی ئەوە دەکەن کە کاربەدەستانی تەلەبیب خەریکی ئەنجامدانی دانوستانی بەرفراوانن لە گەڵ ژمارێکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی .  بنیامین ناتانیاھۆی سەرۆک وەزیرانی ئەم ڕژێمە لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییە بە جاران باسی گەرم و گوڕبوونی پێوەندیی نێوان رژێمی زایۆنی و وڵاتانی عەرەبیی کردووە .

ئەوە بۆ چەند ساڵێک دەڕوات کە ئاسایی بوونەوەی پێوەندیی هەندێک وڵاتی عەرەبی ناوچەکە بە تایبەت عەرەبستانی سەعودی و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان لە گەڵ ئیسرایل ڕەوتێکی خێراتری بەخۆیەوە گرتووە.

هەوڵی رژێمە عەرەبیەکان  بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لە گەڵ ڕژێمی زایونی لە کاتێکدایە کە ئەم رژێمە ساڵانێکی دوورودرێژە جیا لە سەرکوتکردن و داپڵۆساندنی فەلەستینیەکان ، زۆر ناوچەی عەرەبی - ئیسلامیشی داگیر کردووە .