کانونی دوھەم 09, 2019 15:07 Asia/Tehran
  • سەردانی

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سێشەممە 8ی ژانیڤەرییەوە دەس پێکردووە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تا 15 ی ژانیڤەری سەردانی ئەردەن، میسر، بەحرەین، ڤیلایەتە یەکگرتووەکانی عەرەبی، قەتەر، عەرەبستانی سەعوودی، عومان و کوێت، دەکات.

پۆمپێئۆ لە دەسپێکی ئەم گەشتەدا، لە برووسکەیێک لە لاپەڕەی توویتەرەکەیدا نووسی: "ئەمڕۆ بە مەبەستی گەیاندنی پەیامێکی ئاشکرا بە هاوڕێیان و شەریکەکانم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمەڕ ئەوەی کە ئەمریکا بەڵێندارە لە ئاست ئەم ناوچەیە لە پەیوەندی لەگەڵ شکەستی داعش و بەرەنگاربوونەوەی ئەو چالاکییانە وا یارمەتی دەدات بە ڕەوتی پاووەجێیی ئێران، سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەم.

سەفەرەکەی پۆمپێئۆ لە ئێستادا بە سەرەنجدان بەو پرسانەی وا ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەستەویەخەیەتی، بایەخێکی زۆری هەیە.

یەکێک لە گرینگترتینی ئەو پرسانە وا دەبێ تاووتوێی بکات، داهاتووی پەیوەندییەکانی نیوان ئەمریکا و عەرەبستانی سەعوودیە بە سەرەنجدان بە بەردەوامبوونی قەیرانی کوشتنی جەماڵ خاشوقجی ڕۆژنامەنووسی ناڕازیی سەعوودی کە لە 2ی ئۆکتۆبەر، لە کۆنسوولخانەی عەرەبستان لە ئەستەمووڵدا کوژرا و بە وتەی ڕێکخراوی ئاسائیشی ناوەندیی ئەمریکا (سیا) "محەمەد بن سەلمان"ی پاشمیر و دەسەڵاتداری ڕاستەقینەی عەرەبستان دەوری سەرەکی لە کوشتنەکەیدا گێڕاوە.

ئێستاکە پۆمپێئۆ لە سەردانەکەی بۆ عەرەبستان، دەبێ کوڕی سەلمان لە ئاست بەردەوامبوونی پاڵپشتی واشنتۆن لە ئەو، دڵنیا بکات. سەرباری دادگایی کرانی هۆکارەکانی کوشتنی خاشوقجی لە عەرەبستان، بەڵام لە ڕوانگەی زۆرێک لە لێکۆڵەران و کارناسان و تەنانەت کاربەدەستانی واشنتۆنیش ئەوە تەنیا هەنگاوێکی بە ڕواڵەت و ساختە بووە.

بابەتێکی دیکە وا پۆمپێئۆ لەم سەردانەدا پێ و شوێنی دەگرێت، دڵنیا کردنەوەی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی واشنتۆنە لەمەڕ بەردەوامبوونی سیاسەتی ئێستاکەی ئەمریکا لەپەیوەندی لەگەڵ بەڵێنداریی ئەو حکوومەتە لە ئاست بەردەوام کردنی بوونەکەی لە ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی ئێران.

سەرەڕای ئیدیعا و بانگەشەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە هەوڵی داوە تا دزە و دەوری ناوچەیی ئێران بە بابەتێکی نەگەتیڤ و نەرێنی بنوێنێ، بەڵام لە ئێستادا تەنانەت خودی هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی واشنتۆنیش دانیان ناوەتەسەر گرینگایەتی و بایەخی دەوری ئێران لە پاوەجێی و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

"جان بۆڵتۆن"  ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا

لەلایێکی دیکەوە شاندی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی "جان بۆڵتۆن"ی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە مەبەستی دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای تورکیا دووشەممە گەیشتنە ئەنکارا تا لەگەڵ ڕەجەب تەیەب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە ڕەوشی ناوچە باکوورییەکانی سووریا لە پاش چوونەدەری هێزە ئەمریکییەکان لەو وڵاتە وتووێژ بکات، بەڵام ڕەجەب تەیەب ئەردۆغان، ی سەرۆکی تورکیا، مۆڵەتی دیداری بە "جان بۆڵتۆن" نەدا و ئەویش ناچار بوو تورکیا بەجێ بێڵێت.

 

 

 

سەرپەیڤ