کانونی دوھەم 12, 2019 17:00 Asia/Tehran
  • هاوپەیمانیی سەعوودی هەشتاو نۆجار ئاگربەس لە حودەیدەی پێشێل کرد

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن دوێشەو(هەینی) رایگەیاند، پێشێلکرانی ئاگربەس لە شاری بەندەریی حودەیدە لە رۆژاوای ئەو وڵاتە لەلایەن هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودی هەروا بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، "یەحیا سەریع" وتی: دەسدرێژکارانی سەعودی و بەکرێگیراوانیان لە چل وهەشت کاژێری ڕابردوودا، هەشتاو نۆ جار ئاگربەس لە شاری حودەیدەیان بەزاندووە.

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن هەروەها ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سەعوودیا لە چل وهەشت کاژێری رابردوو، پەنجاو پێنج جار ناوچەکانی دیکەی یەمەنیان بۆردومان کردووە.

ئاگربەسی ڕێککەوتن لەسەر کراو لە سۆئێد لەنێوان شاندی نێردراوی سەنعاو ریاز لە سەرلەبەیانی رۆژی سێ شەممە١٨ی دیسەمبەرەوە لە شاری حودەیدە دەس پێ بووە بەڵام هاوپەیمانیی سەعودی هەر رۆژ پێشێلی دەکا.

بەندەری حودەیدە، سەرەکیترین ڕێگای ناردنی یارمەتیی مرۆیانە بۆ یەمەنە.

چوارەمین خولی دانوستانەکانی ئاشتیی یەمەن لە شەشی دیسەمبەرەوە بەئامادەبوونی لایەنە یەمەنییەکان بەسەرۆکایەتی "مارتین گریفیتس" نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەن لە ستۆکهۆڵمی سۆئێد دەس پێ بوو و رۆژی پێنج شەممە ١٣ی دیسەمبەر بەڕێککەوتن لەسەر ئاگربەس لە حودەیدە، کۆتایی بەکارەکەی هێنا.

تائێستا چەندین جار بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن جم و جۆڵگەلێک ئەنجامی گرتووە بەڵام هەموو جارێک بە تەگەرەنانەوەی عەرەبستان وهاوپەیمانانی بە بنبەست گەیشتووە.

عەرەبستان بەپاڵپشتیی ئەمریکا، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە لە مارسی٢٠١٥وە دەستی کردووە بە دەسدرێژیی سەربازی بۆسەر یەمەن وئەو وڵاتەی گەمارۆی زەوینی، دەریایی وئاسمانی داوە. شەڕخوازیی عەرەبستان و هاوپەیمانانی لە یەمەن تائێستا کوژرانی زیاتر لە چواردە هەزار یەمەنی، برینداربوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی بەملوێنان یەمەنی لێکەوتووەتەوە.

دەسدرێژکاریی سەربازیی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژاری یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی بەرچاوی خۆراک و دەرمان کردووە.

سەرپەیڤ