شوبات 22, 2019 11:51 Asia/Tehran
  • سەدان هەزار منداڵی یەمەنی لە مەترسی مردندان

سەرۆکی ڕێکخراوی هەیڤی سووری تورکیا ڕایگەیاند ، ٤٠٠ هەزار منداڵ و کۆرپەی ساوا لە یەمەن مەترسیی مردنیان لە سەرە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاناتوولیی تورکیا؛ "کەرەم کینک" لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند؛ بە گشتی ١٨ ملوێن کەس لە شاروومەندانی یەمەنی بۆ درێژەدان بە ژیان پێویستان بە یارمەتی هەیە و لەو نێوانەدا مەترسیی مردن لە سەر ٤٠٠ هەزار منداڵ و کۆرپەی ساوای یەمەنیە.

سەرۆکی ڕێکخراوی هەیڤی سووری تورکیا وتیشی؛ پەلامارەکانی هاوپەیمانی سەعوودی بۆ سەر خەڵکی یەمەن کاریگەریی یەکجار نالەباری داناوەتە سەر ژیانی خەڵکی ئەم وڵاتە.

"کەرەم کینک" بە ئاماژە بە یارمەتییەکانی تورکیا بە ئاوارە یەمەنییەکان رایگەیاند؛ ئێستاکە زیاتر لە سێ ملوێن کەس لە نێو خودی یەمەندا ئاوارە بوونە و کێشەی ئەمنی و ماڵ و شو‌ێنی ژیانیان هەیە.

عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە  چواردە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە  و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.

شەڕنانەوەکانی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.

ڕژێمی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی تا ئێستا لەبەر خۆڕاگریی خڵکی یەمەن نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەستە.

 

سەرپەیڤ