پێکهاتنی وڵاتی سەربەخۆی فەلەستین بە پێتەختیی قودس، هەڵوێستی پاوەجێی عێراق
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەپاڵپشتیی لێبڕاوانە لە فەلەستین، وتی: پێکهاتنی وڵاتی سەربەخۆی فەلەستین بەپایتەختیی قودسی پیرۆز، هەڵوێستی پاوەجێی گەل، حکومەت و پەرلەمانی عێراقە.
بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، "محەممەد حەلبوسی" سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی یەکێتی پەرلەمانە عەرەبییەکان لە ئۆردۆن وتی: پەرلەمانی وڵاتانی عەرەبی دەبێ لەپێناو کۆتایی هێنان بە سیاسەتەکانی رژیمی داگیرکەر کە لەهەوڵی سڕینەوەی ماکی قودسە، هەوڵ بدەن.
ناوبراو هەروەها داوای لە سەرۆکان و ئەندامانی یەکێتی پەرلەمانە عەرەبییەکان کرد، بوارخۆش بکەن بۆ بەڕێوەچوونی ئەو دانیشتنە لە فەلەستین.
لەپەراوێزی ئەو دانیشتنەدا، محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ "حەمودە سەبباغ" سەرۆکی پەرلەمانی سوریا دیدار و لەبارەی پەرەی پەیوەندییەکانی دوو وڵات و چالاکرانی لێژنەکانی دۆستایەتی و هاوکاریی هاوبەشی پەرلەمانیی نێوان عێراق و سوریا وتووێژیان کرد.
بیست و نۆهەمین دانیشتنی یەکێتی پەرلەمانە عەرەبەکان رۆژی یەکشەممە بەئامادەبوونی سەرۆک پەرلەمانەکانی ١٧ وڵاتی عەرەب و نوێنەرانی ئەو پەرلەمانانە لە ئەممانی پایتەختی ئۆردۆن دەس پێ کرا.