ئادار 11, 2019 16:53 Asia/Tehran
  • بێ بەش بوونی زیاتر لە دوو ملوێن منداڵ لە خوێندن بەهۆی شەڕ لە یەمەندا

سندوقی داکۆکی لە منداڵان سەربە ڕێکخراوی نەتەوەکان(یونیسێف) ڕایگەیاند؛ لەئاکامی درێژەی شەڕی دژ بە یەمەن، ئێستا زیاتر لە دوو ملوێن منداڵ لە خوێندن بێ بەشن.

بەپێی ڕاپۆری کەناڵی ئەلمەسیرە، یونیسێف دۆخی فێرکاری و خوێندن لە یەمەنی بەکارەساتبار زانی و درێژەی شەڕ لەدژ ئەو وڵاتەی بە هۆکاری سەرەکیی کارەساتی فێرکاری بۆ منداڵان راگەیاند.

سندوقی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوەکان ڕایگەیاند: لەشەڕی چوار ساڵانی ڕابردوو، بەشی هەرە زۆری ژێرخانە فێرکاریەکانی یەمەن بۆ وێنە خوێندنگەکان لەناوچوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرە زیاتر لە پێنج هەزار منداڵی یەمەنی لە دەسپێکی هێرشی عەرەبستان بۆسەر یەمەن هەتا ئێستا کوژراون و یان بریندار بوون.

یونیسێف پێشتریش بەدەربرینی نیگەرانی لە نەبوونی ئاوی خواردنەوەی پاک و سالم لە یەمەن ڕایگەیاند: زیاتر لە یەک ملوێن منداڵی یەمەنی گومانی تووشبوون بە نەخۆشی کولێرایان لەسەرە.

نزیک بەیازدە ملوێن منداڵ لەیەمەن دەژین کە بەشی زۆریان پێویستیان بە یارمەتی مرۆدۆستانە هەیە.

هاوکات لەگەڵ درێژەی پەلامارەکانی عەرەبستان بۆسەر یەمەن و وێران بوونی دامەزراوە ژێرخانییەکانی ئەو وڵاتە بەتایبەت تۆڕی ئاوگەیاندن، نەخۆشی کولێرا خێرا خەریکە لە یەمەندا بڵاو دەبێتەوە.

سەرپەیڤ