ئادار 24, 2019 10:17 Asia/Tehran
  • سوپای یەمەن، پێگەیەکی سەربازیی بەکرێگیراوانی سەعودیای موشەکباران کرد

سوپا ولیژنە جەماوەریەکانی یەمەن سەرلەبەیانی یەمڕۆ یەکشەممە لە وەڵامدانەوە بە دەسدرێژکاریی و تاوانکارییەکانی هاوپەیمانیی سەعودی لە یەمەن، شوێنی کۆبوونەوەی بەکرێگیراوانی سەعودی لە پێگەی سەربازیی "ماس" هەڵکەوتوو لە پارێزگای مەئریب لەناوەندی یەمەنی مووشەکباران کرد.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی ئیرنا؛ سوپاو لێژنەی جەماوەریەکانی یەمەن ڕایگەیاند، بە چەند مووشەکی بالستیکی خۆماڵی پێگەی سەربازیی "ماس" لە "جەدعان"ی مەئریبی پێکاوە.

سەرچاوە سەربازییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند، خەسار و زیانی قورس لە سەعودیەکان کەوتووە.

فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانیی سەعودی چەند کاژێر لەوەپێش "سەنعا"ی پایتەختی یەمەنیان بۆردومان کردبوو.

سەرلەشکر"عەلی ئەلموشەکی" یاریدەری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لەم دواییەدا وتی: هێزە یەمەنییەکان پەیمانیان بەستووە، ڕێگە نەدەن هیچ دەسدرێژکارێک بە زیندوویی لە یەمەن بچێتەدەر.

دەسەڵاتی بەرگریی سوپاو لێژنە جەماوەریەکانی یەمەن سەرباری گەمارۆی هەمەلایەنەی ئەو وڵاتە لەلایەن رژیمی سەعودیا تادێ ڕوو لەزیادبوونە.

عەرەبستان بەداکۆکیی ئەمریکا، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە لەمارسی٢٠١٥وە دەستی کردووە بە پەلاماری سەربازیی بۆسەر یەمەن و گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانیی ئەو وڵاتەی داوە.

شەڕخوازیی عەرەبستان وهاوپەیمانانی لە یەمەن تائێستا کوژرانی زیاتر لە ١٦ هەزار یەمەنی، برینداربوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی بەملوێنان یەمەنی لێکەوتووەتەوە.

دەسدرێژکاریی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژاری یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی لەڕادەبەدەری خۆراک و دەواو دەرمان کردووەو بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی جۆراوجۆر.

رژیمی سەعودیا و هاوپەیمانانی تائێستا لەبەر خۆڕاگریی خەڵکی یەمەن نەیانتوانیوە ئامانجەکانی لەو وڵاتەدا بێننە دی (بەدەسەڵات گەیاندنی بەکرێگیراوەکانیان).