چاوپێکەوتنی سێ لایەنەی سەرۆکانی میسر، ئەردەن و ئێراق
سەروکی میسر، شای ئوردون و سەرۆک وەزیرانی ئێراق لە قاهیرە دیداریان کردو سەبارەت بە ڕێگەگاکانی هاوکاری و هاودەنگی لەنێوان ئەو سێ وڵاتە وتووێژیان کرد .
بەپێی ڕاپۆرتی ئیسنا بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی ڕووسیا ئەلیەوم، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، مەلیک عەبدوڵڵا دووهەم شای ئوردون و عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی ئێراق، شەوی دووشەممە لە قاهیرە چاویان بە یەک کەوت و سەبارەت بە ڕێگەکانی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان ئەم سێ وڵاتە باس وڕاوێژیان کرد .
لەم چاوپێکەوتنەدا، سەرۆکانی میسر، ئوردون و ئێراق وێڕای ڕێزگرتن لە پێوەندی لەمێژینەی نێوان ئەم سێ وڵاتە، لەسەر گرینگایەتی هەوڵەکان بۆ پەرەی ئاستی هەماهەنگی لەنێوان قاهیرە، ئەمان و بەغدا، پێداگرییان کرد .
ئەوان هەروەها سەبارەت بە نوێترین گۆڕانگارییەکانی ناوچە باس و ڕاوێژیان کرد و لەسەر بڕیارەکەیان بۆ هاوکاری و هەماهەنگی ستراتژیک بۆ گەڕاندنەوەی سەقام بۆ ناوچە، دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ قەیرانگەلێک کە ژومارێک لە وڵاتانی عەرەبی لەوان فەلەستین، سوریا، لیبیا، یەمەن و وڵاتانی دیکە گیرۆدەی بوونە، پێداگرییان کرد.
لەم چاوپێکەوتنە هەروەها لەسەر گرینگایەتی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆریزم و هەموو لایەنگرانیان و تۆکمەوتەواو کردنی شەڕی هەمەلایەنە بە دژی تیرۆریزم پێداگری کرا.