ئادار 26, 2019 09:38 Asia/Tehran
  • ڕژێمی زایونی ئاگربڕەکەی غەززەی پێشێل کردەوە

فڕۆکەشەڕکەرەکانی ڕژێمی زایونی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێ شەممە وێڕای پێشێل کردنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربڕ، ناوەندی غەززەی کردە ئامانج.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێشەممەی کەناڵی ئەلعالەم، ھێرشی ئاسمانیی ھەمدیسانی ڕژێمی زایونی بۆ سەر دێرولبەڵح لە ناوەڕاستی غەززە، تەنیا کاژێرێک دوای ڕاگەیەندرانی ئەو ئاگربڕەی کە بە نێوەندگریی میسر دامەزراوە، ئەنجامی گرتووە.

«فەوزی بەرھوم» وتەبێژی بزوتنەوەی حەماس شەوی سێ شەممە ڕایگەیاند بوو، بە نێوەندگریی میسر لە بارەی ئاگڕبڕی غەززەوە لە نێوان ڕژێمی زایونی و تاقمە خۆڕاگرەکانی فەلەستین ڕێککەوتنێک کرا.

نێوەندگریی میسر دوای ئەوە مسۆگەرکرا کە فڕۆکەشەڕکەرەکانی ڕژێمی زایونی  ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ھەڵیانکوتایەسەر دوو بنکەی« عەسقەلان» و «بەدر» ی سەربە گوردانەکانی قەسام «لقی سەربازیی حەماس» لە باکووری کەرتی غەززە.

بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین«حەماس» شەوی سێ شەممە لە بەیاننامەکەی دا پێی داگرت: خۆڕاگریی فەلەستین ئامادەی بەرەڤانی کردنە لە جەماوەری کەرتی غەززە لە بەرامبەر شاڵاوەکانی ڕژێمی زایونی بۆ سەر ئەم ناوچەیە.

حەماس ڕاشیگەیاندووە: خۆڕاگریی فەلەستین دڕندەکارییەکانی ڕژێمی داگیرکەری زایونی بێ وەڵام ناھێڵێتەوە.

سەرپەیڤ