ئادار 26, 2019 14:15 Asia/Tehran
  • ئیسماعیل ھەنیە : بەرزاییەکانی جۆلان وەک بەشێکی دانەبڕاوەی خاکی سووریا دەمێنێتەوە

سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: بەرزاییەکانی جۆلان وەک بەشێکی دانەبڕاوەی خاکی سووریا دەمێنێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران بە گێڕانەوە لە ئاناتۆلی، «ئیسماعیل ھەنیە»  سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس شەوی سێ شەممە لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەنگاوەکەی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ بە فەرمی ناسینی دەستەڵاتی ڕژێمی زایونی بە سەر بەرزاییە داگیرکراوەکانی جۆلانی سووریا، ڕایگەیاند: نیشانەگەلێکی تازەی بەرنامەکانی ئەمریکا دژی ناوچەکە ئاشکرا بووەو ئەمڕۆش مافی سووریا خەریکە پێشێل دەکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەرزاییەکانی جۆلان ھەروا وەک بەشێکی دانەبڕاوەی خاکی سووریا دەمێنێتەوە.

«ئیسماعیل ھەنیە»  سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس جەختی کردووە: ئەمریکا بەم ھەڵوێستانەی و ڕەچاو کردنی ئاوا بڕیارگەلێکی ستەمکارانە، قەت ناتوانێت ڕاستییە مێژوویی و جوگرافییەکانی سەرزەوینی فەلەستین و مافی جەماوەری سووریا لە بارەی بەرزاییەکانی جۆلانەوە بگۆڕێت.

ھەنیە وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە، بزوتنەوەی حەماس لە بەرامبەر ئەم چەشنە زۆربێژی و پاوانخوازییانەی ئەمریکا لە تەنیشتی سووریادا دەمێنێتەوە، جەختی کرد: ئەمریکا بە لەبەر گرتنی ئاوا ھەڵوێستگەلێک، بنەما، کۆنوانسیۆن و یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات، ھەر چۆن ئەم کارەی لە بارەی قودسی پیرۆزو ئاوارەکانی فەلەستینیشەوە کرد.

داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا  ڕۆژی  دووشەممە  بیست و پێنجەمی  مارس دوای پرێس کۆنفرانسی هاوبەشی لەگەڵ سەروک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی لە  واشێنگتۆن، بانگەشەی  خودانەتیی  زایونیەکان بەسەر جۆلانی داگیرکراوی بە فەرمی ناسی.

ئاشکرایە کە بە فەرمی ناسرانی دەستەڵاتی ڕژێمی زایونی بە سەر بەرزاییەکانی جۆلان لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بە ئاشکرا دژی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشت و کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکانەو ھیچ کاریگەرییەکی مافەوانیی نابێت.

گەلێک لە وڵاتانی عەرەبی لەوانە تونس،ئەردەن، کوەیت، فەلەستین و یەمەن ئەم ھەنگاوەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایان بە جێگای قەبووڵ نەزانیوەووڵاتانی دیکەی جیھانیش لە بارەی ئەم بڕیارەی ترەمپەوە ھەڵوێستیان وەرگرتووەو بە فەرمی نەیانناسیوە.

ڕژێمی زایونی لە ساڵی ١٩٦٧ ، نزیکەی ھەزارو دووسەد کیلومەتری چوارگۆشە لە خاکی سووریای لە بەرزاییەکانی جۆلان داگیر کردو دوای ماوەیەک ئەم ناوچەیەی نووساند بە سەرزەوییە داگیرکراوەکانەوە. کۆمەڵگای نێونەتەوەیی قەت ئەم داگیرکارییەی بە فەرمی نەناسیوە.

سەرپەیڤ