نیسان 19, 2019 11:57 Asia/Tehran
  • وەدرۆخرانەوەی ناوبژیوانیی ئێران لە نێوان ئانکارا و دیمەشق

تورکیا هەواڵ و راپۆرتی بڵاو کراوە سەبارەت بە ناوبژیوانیی ئێران لە نێوان ئانکارا و دیمەشقی وەدرۆ خستەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی هەینیی هەواڵدەریی جمهوری ئیسلامی؛ "ئیبراهیم کالین" وتەبێژی سەرۆک کۆماری تورکیا بە وەدرۆ خستنەوەی هەواڵی بڵاو بووە سەبارەت بە ناوبژیوانیی ئێران لە نێوان ئانکارا و دیمەشق ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: سەفەری ئەم دواییەی "محەممەد جەواد زەرف" وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئانکارا پێوەندی بە ناوبژیوانیی نێوان تورکیا و حکومەتی سووریاوە نەبووە.

وتە بێژی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا هەروەها بوونی هەرچەشنە پێوەندی لە نێوان دەوڵەتی وڵاتەکەی لەگەڵ کاربەدەستانی سووری ڕەت کردەوە.

پێشتریش "سەید عەباس موسەوی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەواڵی ژمارێک لە مێدیاکان سەبارەت بە ناوەڕۆکی دیداری وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆک کۆماری تورکیای وەدرۆ خستبوویەوە و وتبووی "محەممەد جەواد زەریف" هەڵگری هیچ پەیامێک لە "بەشار ئەسەد"ـەوە بۆ "ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیا نەبووە.

تورکیا لە ساڵی ٢٠١١ـەوە و دوابەدوای دەسپێبوونی قەیرانی ناوخۆیی لە سووریا پێوەندیی خۆی لەگەڵ دیمەشق پچڕاندووە.