نیسان 21, 2019 12:16 Asia/Tehran
  • پێشڕەوی هێزەکانی دەوڵەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ترابلۆس

دەوڵەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبی شەوی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا باسی پێشڕەوی هێزەکانی خۆی لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ هێزەکانی گرووپی ناسراو بە سوپای نیشتمانیی لیبی بە فەرماندەرێتیی "خەلیفە حەفتەر" لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ترابلۆسی پێتەختی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم؛ دەوڵەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبی ڕایگەیاند: هێزەکانی ژێرفەرمانی ئەم دەوڵەتە زەبرێکی قورسیان لە گرووپی ناسراو بە سوپای نیشتمانیی لیبی داوە.

هەروەها ژیدەرە هەواڵییەکانی لیبی شەوی ڕابردوو ڕایانگەیاند کە لانیکەم ١٥ کەس لە هێزەکانی ژێرفەرمانی "خەلیفە حەفتەر" لە ترابلۆس کوژراون.

ڕێکخراوی جیهانیی تەندرووستیش رۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ لەو کاتەوە هێزەکانی گرووپی ناسراو بە سوپای نیشتمانیی لیبی بە فەرماندەرێتیی "خەلیفە حەفتەر" هێرشیان کردۆتە سەر پێتەختی لیبی تا ئێستا ٢٢٠ کەس لەو شارەدا کوژراون و زیاتر لە ١٠٦٦ کەسیش بریندار بوونە.

گرووپی ناسراو بە سوپای نیشتمانیی لیبی بە فەرماندەرێتیی "خەلیفە حەفتەر" کە ساڵانی ڕابردوو بە داکۆکیی عەرەبستان، مسر و ئیمارات دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتی لیبی گرتبوویە دەست، لە ماوەی چەن مانگی ئەمدواییەدا بەرەو  باکووری ئەم وڵاتە پێشڕەوی کردووە. حەفتەر چوارەمی ئاپریلی ئەمساڵ فەرمانی دا بە هێزەکانی خۆی تا هێرش کەنە سەر ترابلۆس.

ڕۆژنامەی ئەمریکایی واڵ ستریت ژۆرناڵ ئەمدواییە لە راپۆرتێکدا ڕایگەیاند حەفتەر پاش سەفەری ئەمدواییە بۆ ڕیاز بریاری داوە هێرش کاتە سەر ترابلۆس.