May 16, 2019 14:11 Asia/Tehran
  • بانگەشەی سەعودییەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشت: ئێران بەرپرسی ڤێرشی سەر دامەزراوەی نەوتیی ئارامکۆیە

عەرەبستان لە نامەیەک دا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بانگەشەی کرد کە، ئێران و بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن بەرپرسی ھێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستانن.

لە نامەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕیاز بۆ ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان کە بە ھۆی «عەبدوڵڵا موعەللمی» نوێنەری ھەمیشەیی عەرەبستان لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان ئاراستە کرا،باسی ئەوە کراوە کە بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن لە ھێرشی ئەم دواییەی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان لە حەوت فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کەڵکی وەرگرتووە.

سەعودییەکان بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەک و چۆڵ ڕەوانەی یەمەنێک دەکات کە لە گەمارۆدایە.

بوختانە بێ ناوەڕۆکەکانی ڕیاز بۆ شاردنەوەی شکستەکانی ھاوپەیمانیی سنووربەزێنی سەعودی لە ھەمبەر ھێزەکانی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەنە.

کاربەدەستانی یەمەنی گەلێک جار جەختیان کردووە کە  ھێزی بەرگریکارانەی سوپای ئەو وڵاتە بەتەواوی خۆماڵییەو سەرباری گەمارۆی ھەمەلایەنەی یەمەن ، ڕۆژلەدوای ڕۆژیش پەرە دەستێنێ.

سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕۆژی سێ شەممە بە حەوت فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خۆماڵی، دامەزراوە گرینگەکانی کۆمپانیای نیشتیمانیی نەوتی عەرەبستان ناسراو بە ئارامکۆیان لە ڕیازی پێتەخت و ھەروەھا «یەنبۆع»ی ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە کردە ئامانج.

سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند: ئەو ھەڵمەتانە لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە دەست درێژکارییەکانی ھاوپەیمانیی سەعودی و گەمارۆدرانی جەماوەری یەمەن لە لایەن ئەوھاوپەیمانییە دەست درێژکارەوە ئەنجامی گرتووە.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە بە بیانووی گەڕاندنەوەی عەبدڕەببە مەنسوور ھادی سەرۆکی لەکارکشاوەی یەمەن،شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی ئەم وڵاتە دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.  شەڕهەڵایساندنی عەرەبستان لە یەمەن کوژرانی پتر لە شانزەهەزار یەمەنی و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و هەڵوەدا بوونی ژمارەیەکی زۆری یەمەنییەکانی لێ کەوتووەتەوە  ئەمەو لە لایەکی دیکەوە داخرانی بوارگەکانی یەمەن ئەم و ڵاتەی لەگەڵ قەیرانی مرۆڤی دا بەرەوڕوو کردووەتە، بە جۆرێک کە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان باسی ئەوەیان کردووە کە لە هەر دە خولەکێک دا منداڵێکی یەمەنی لە بەر باری خراپی خواردن و نەخۆشیی گیانی خۆی لە دەست دەدات. سەرباری ئەمەش ھەتا ئێستا لە بەر خۆڕاگریی جەماوەری یەمەن دەست درێژکاران نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا  لەوانە ھێنانە سەر دەستەڵاتی دەستنیاکانی خۆیان مسۆگەر بکەن.

سەرپەیڤ