حوزه‌یران 12, 2019 12:04 Asia/Tehran
  • ھەڵمەتی موشەکیانەی سوپای یەمەن بۆ سەر فڕگەی «ئەبھا»ی عەرەبستان

سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە فڕگەی ئەبھا لە باشووری عەرەبستانیان بە موشەکی کروز کردە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، سەرچاوە یەمەنییەکان ڕایانگەیاند: موشەکەکان ڕێک ئامانجەکانی خۆیانیان پێکاوە.

کەناڵی ئەلعالەمیش بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە نێو سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن باسی پەک کەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕگەی «ئەبھا»یان کردووە لە پاش ھەڵمەتە موشەکییەکەی یەمەنییەکان بۆ سەر ئەم فڕگەیە.

لە بارەی زەرەروزیانی ئەم ھەڵمەتە موشەکییانە ھێشتا ڕاپۆرتێکی ئەوتۆ بڵاو نەبووەتەوە.

سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ھەروەھا موشەکێکی باڵستیکی خۆماڵی لە چەشنی «زەلزالی یەک»یان گرتە مۆڵگەی بەکرێگیراوانی سەعودی لە ناوچەی «ئەلھیزبە» لە پارێزگای «بەیزا»ی ناوەندی یەمەن.

لەم ھەڵمەتە موشەکییەدا دەیان بەکرێگیراوی سەعودی کوژران و یان بریندار بوون.

ھێزەکانی یەمەن لە ماوەی حەوتەکانی ئەم دواییە سەرکەوتنی گرینگی زۆریان لە بواری مەیدانیی شەڕی دژی ھاوپەیمانیی سەعودی بەدەست ھێناوە. سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن بە شێوەی ڕۆژانە قوڵایی خاکی عەرەبستان دەدەنە بەر پەلاماری موشەکە باڵستیکەکانی خۆیان کە دیارە ئەمەش لە کاردانەوە بەرامبەر بە دەست درێژکاریی ھاوپەیمانیی سەعودی بۆ سەر یەمەن و کوشت و بڕی خەڵکی سڤیلی ئەم وڵاتە ئەنجام دەگڕێت.ھێزی بەرەڤانیی سوپاولێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن سەرباری گەمارۆی ھەمەلایەنەی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕژێمی سەعودییەوە ڕۆژلەدوای ڕۆژ پەرە دەستێنی.