ته‌مووز 09, 2019 08:46 Asia/Tehran
  • ڕێکخراوی نەتەوەکان: نیو ملوێن یەمەنی تووشی کولێرا بوون

"فەرحان حەق" جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا لە یەمەنەوە رایگەیاند کە نزیکەی نیو ملوێن یەمەنی ئەمساڵ واتە ساڵی ٢٠١٩ تووشی نەخۆشی کولێرا بوون.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاناتوولیی تورکیا لە سەنعاوە "فەرحان حەق" لە  پرێس کۆنفرانسێکدا وتی: ژماری توشبووان کە نەخۆشی کولێرا ئەمساڵ گەیشتۆتە  ٤٦٠ هەزار کەس کە لە چاو ساڵی ڕابردوودا کە هەژماری تووشبوان ٣٨٠ هەزار کەس بوو، هەڵکشانێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە.

ناوبراو وتیشی: تا  ئێستا ٧٠٥ کەس بە هۆی تووشبوون بە کولێرا لە یەمەن گیانیان لە دەست داوە.

جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە  یەکگرتووەکان وتیشی؛ لافاوی ئەمدواییە لە یەمەن و نەبوونی ئاوی خواردنەوەی پاک لەو هۆکارانەن کە ڕەوتی پەرەسەندنی پەتای کولێرایان لەم وڵاتەدا خێراتر کردووە.

فەرحان وتی: ئەمساڵ بۆ جێبەجێ کردنی بەرنامە مرۆڤدۆستانەکانمان لە یەمەن بۆ نزیکەی ٢٠ ملوێن شاروومەندی ئەم وڵاتە پێویستمان بە ٤.٢ ملیار دۆلار یارمەتی هەیە.

پێشتر ڕێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن وتبووی کە ئەم وڵاتە بەرەوڕوویی نالەبارترین قەیرانی مرۆیی لە جیهان بۆتەوە، لەبەر ئەوەی کە نزیکەی  ٨٠%ی حەشیمەتی ٢٤ ملوێنی  و ١٠٠ هەزار کەسیی ئەم وڵاتە پێویستیان بە لانیکەم یەک جۆرە یارمەتییەکی مرۆڤدۆستانە و پشتیوانی هەیە.

سەرپەیڤ