ته‌مووز 16, 2019 09:16 Asia/Tehran
  • تووڕەیی نەتانیاهوو لە ستراتژیی ئەورووپا بەرامبەر بە هەنگاوە بەرجامییەکانی ئێران

سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی شەوی ڕابردوو بە داخ و مەخابن دەربڕین بەرامبەر بە لێدوانەکانی ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە هەنگاوە بەرجامییەکانی ئێران وتی: ئیسراییل چاوەڕێی ئەوە لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات کە گوشار بخاتە سەر ئێرانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران ؛ بنیامین نەتانیاهوو بە ناڕەزایەتی دەربڕین و وەبەر ڕەخنە دانی قسەکانی ئێوارەی دوێنێ دووشەممەی "فدریکا موگرینی" پاش کۆبوونەوەی وەزیرانی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە هەنگاوە بەرجامییەکامنی ئێران وتی: ئەرووپا دەبێ سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بە سەختگریی  تەواوە بجوڵێتەوە.

لە کاتێکدا کە ڕژێمی زایۆنی خاوەنی دام و دەزگە و چەکی ئەتۆمی ڕانەگەیندراوە و ئەم ڕژێمە تەنانەت پەیمانی قەدەغەی پەرەی چەکی ئەتۆمی واژۆ نەکردووە، نەتانیاهوو وتیشی: وێرای کەمتەرخەمیی ئەورووپاییەکان، ئیسراییل بە هاوکاریی ئەمریکا ئەوەی پێویست بێ بۆ پێشگری بە گەشە کردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەیکات.

موگرینی ڕۆژی دووشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا وتی کە ئەو وڵاتانەی کە هێشتا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێراندا ماونەتەوە، دابەزینی ئاستی بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی ئێران بەو ڕێککەوتنە بە "بنپێ کردنی" نازانن و هیچکام لە لایەنەکانیش بە نیازی چالاک کردنەوەی مێکانیزمی چارەسەر کردنی کێشە لەو ڕێککەوتنە نین.