ئاب 14, 2019 12:40 Asia/Tehran
  • سوپای سووریا شارۆچکەی «کەفەرعەین»ی سەندەوە

ھێزەکانی سوپای سووریا توانییان بە پاشەکشە پێکردنی تیرۆریستانی بەرەی نوسرە و تیرۆریستانی پێوەبەسترتو لە باشووری پارێزگای ئیدلەب، شارۆچکەی «کەفەر عەین»و بەرزاییەکانی «تەل عاس» لە ڕۆژھەڵاتی شارۆچکەی «ئەلھەبیت» ڕزگار بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی هەواڵیی ئەلعالەم ، ھێزەکانی سوپای سووریا توانییان بە پاشەکشە پێکردنی تیرۆریستانی بەرەی نوسرە و تیرۆریستانی پێوەبەسترتو لە باشووری پارێزگای ئیدلەب، شارۆچکەی «کەفەر عەین»و بەرزاییەکانی «تەل عاس» لە ڕۆژھەڵاتی شارۆچکەی «ئەلھەبیت» ڕزگار بکەن و بەم پێشڕەوییەیان مەودای سوپای سووریا ھەتا شارۆچکەی خان شەیخون کەم کەنەوە. بە پێی ڕاپۆرتە بڵاو کراوەکان، ورەی تیرۆریستانی سەقام گرتووی شارۆچکەکانی ئەلتامە، مورک، لەتمین و کەفەرزەیتاش بە تەواوی دابەزیوە.

لە ڕۆژئاوای شارۆچکەی خان شەیخونیش شارۆچکەی «تەمانعە» لە دەڤەری شارۆچکەی « سەکیک» لەبەر ھەڵمەتی قورسی سوپای سووریادایە.

سوپای سووریا بۆ پێشڕەوی بەرەو شاری ستراتژیی خان شەیخون لە لای ڕۆژھەڵات و یان ڕۆژئاواوە ھەوڵ دەدات.

ھێزەکانی سووریا یەکشەممەی ڕابردووش ناوچەی «تەل سەکیک»، «شارۆچکەی سەکیک» و «شارۆچکەی ئەلھەبیت»یان بە تەواوی کۆنترۆڵ کردەوە.

سووریا لە ماوەی ھەشت ساڵی ڕابردوو شایەتی شەڕێکی نێوخۆیی و سەقامگرتنی تاقمە تیرۆریستەکانی داکۆکیکراو لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوایی و عەرەبییە کە ھەتا ئێستا سەدان کوژراوو ملوێنان ئاوارەی لە نێوخۆو دەرەوەی ئەم وڵاتە لێ کەوتووەتەوە.

سەرباری سەرکەوتنی سوپای سووریا لە ڕزگار کردنی زۆربەی ناوچەکانی ئەم وڵاتە لەژێر ڕکێفی تیرۆریستان، ھێشتاش بڕێک لە تاقمە تیرۆریستییەکان لە بەشگەلێکی ئەم وڵاتەدا ئامادەن و ناوچە ئاوەدانەکان دەدەنە بەر شاڵاوو پەلاماری خۆیان.

لەم شاڵاوانەش دا ژمارەیەکی زۆری شارومەندانی سووری بە تایبەت ئافرەتان و منداڵان کوژراون و یان بریندار بوونە.