ئاب 15, 2019 08:22 Asia/Tehran
  • دوورەنگێوەکانی یەمەن 30 بەکرێگیراوی سەعودییان کوشت

دوورەنگێوەکانی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕۆژی چوارشەممە لە هەڵمەتێکدا 30 بەکرێگیراوی سەعودییان لە دوو دەڤەری عەسیرو جیزان لە باشووری عەرەبستاندا کوشت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەلعالەم، سەرچاوەیەکی سەربازیی یەمەن ڕایگەیاند: 22 کەس لە بەکرێگیراوانی سەعودی لە ناوچەی جەبەل قەیس لە جازان و هەشت کەسی دیکەش لە ناوچەی عەلەب لە عەسیر کوژران.

بنکەی ڕاگەیاندنی سەربازیی یەمەنیش جەختی کردووە : هێزەکانی یەمەن توانیویانە بە سەر چەند بنکەیەکی هاوپەیمانیی سەعودی لە دەڤەری ئەلزەهیرە لە شارستانی ( خب وەلعەشف)ی پارێزگای ئەلجوف لە باکووری یەمەن زاڵ بن.

هەر لەم حاڵەدا (موحەممەد بەخیتی) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن وتی: هێزەکانی یەمەن لە شەڕی داسەپاوی دژی ئەم وڵاتە بەو پەڕی هێزوتواناوە لە نیشتیمانی خۆیان بەرەڤانی دەکەن.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

دەست درێژکاریی سەربازیی عەرەبستان ھەروەھا وڵاتی دەستکورتی یەمەنیشی لەگەڵ کەم بوونی خۆراک و دەرماندا بەرەوڕوو کردووەتەوە سەرباری ئەمەش ڕژێمی سەعودی و ھاوپەیمانەکانی ھەتا ئێستا نەیانتوانیوە لە بەر خۆڕاگریی جەماوەری یەمەن ئامانجەکانیان لەم وڵاتە مسۆگەر کەن کە بە دەستەڵات گەیاندنی دەستنیاکانی خۆیانە.

 

سەرپەیڤ