ئاب 15, 2019 15:00 Asia/Tehran
  • سەیید حەسەن نەسروڵڵا: زەریف دەنگی حەقە لە بەرامبەر تاغوتەکانی جیھاندا

سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان شەوی پێنج شەممە لە پەیامێکدا بۆ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، وێڕای ئیدانەکردنی بایکۆتی «موحەممەد جەوادی زەریف» لە لایەن ئەمریکاوە، لە سەر ھاوپشتیی خۆڕاگری لەگەڵ بەڕێزی دا جەختی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی هەواڵیی ئەلعالەم ، سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان شەوی پێنج شەممە لە پەیامێکدا بۆ «موحەممەد جەوادی زەریف» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتی: بەڕێزت دەنگێکی زوڵاڵی لە ھەموو کۆڕو کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان و وتەبێژی حەقی لە بەرامبەر تاغوتەکانی جیھاندا.

نەسروڵڵا، ھاودەنگیی خۆی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی و پێی داگرت: لوبنانییەکان لە زەریف لە بەرامبەر بایکۆتەکانی ئەمریکادا پشتیوانی دەکەن.

سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان تیشکی خستە سەر کردەوەو بایکۆتەکانی دوژمنکارانەی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وتیشی: ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٦ دا لە بەرامبەر خۆڕاگریی لوبنان شکستی ھێنا، دەسا چلۆن دەتوانێ لە بەرامبەر وڵاتێکی ھێزمەندی وەک ئێران و ڕێبەرە مەزنەکەی دا ڕاوەستێت؟

سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ئاماژەی کردە ھەڕەشەو گوڕەشەکانی «جان بۆڵتۆن» ڕاوێژکاری ئاسایشتی نیشتیمانیی ئەمریکا دژی ئێرانیش و وتی: «بۆڵتۆن» کە ھەڕەشە لە نیزامی کۆماری ئیسلامی دەکات، بە درێژایی ژیانی نەیتوانیوە ھیچ بەستێنێک بۆ سەرکەوتن خۆش کات.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە درێژەی ڕاھاتن و تێوەگلانی دەوڵەتی ئەم وڵاتە بە بایکۆت کردن، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ناوی "موحەممەد جەواد زەریف" وەزیری کارو باری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی خستەنێو پێڕستی کەسانی بایکۆت کراوەوە.

ئەم ھەنگاوەی واشێنگتۆن لەگەڵ ڕەخنەی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەتەوەو گەلێک لە وڵاتان ئەو ھەنگاوەی ئەمریکایان لەمەڕ بایکۆتکردنی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ئیدانەو شەرمەزار کردووە.