ئه‌یلوول 16, 2019 19:36 Asia/Tehran
  • وشداری دانی یەمەن بە ئیمارات

سەرکردەیەکی پایەبەرزی یەمەنی ڕایگەیاند: کۆمپانیا نەوتییەکان و شارە شوشەییەکانی ئیمارات لە داھاتوودا، لە ڕیزی ئامانجەکانی ھێزەکانی یەمەنی دا دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، سەرکردەیەکی پایەبەرزی یەمەنی ئەمڕۆ دووشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی مەیادین، ڕایگەیاند: ھەڵکوتانە سەر دوو ھەرێمی نەوتی لە قوڵایی خاکی عەرەبستان، پەیامێکی ھێزمەندو وشداری دانێکە بۆ ئیماراتیش کە دیارە ئەو وڵاتە دەبێ بە باشی لێی تێ بگات.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە «یەحیا سەریع» وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی یەمەن وشداریی دایە ئەو بیانیانەی کە لە دامەزراوەی «ئارامکۆ»دا خەریکی ئیش کارن و ڕایگەیاند: دەبێ ئەو دامەزراوەیە بەجێ بھێڵن، چونکو ئەم ناوەندانە ھەروا لە بەر ئامانجی ھەڵمەتەکاندان و بۆی ھەیە لە ھەر چرکەو ساتێکدا ئەو دامەزراوەیە بکەوێتە بەر پەلامار.

وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی یەمەن وتیشی: پەلاماردانی دوو پاڵاوگەی «بەقیق»و «خەریس» بە ھۆی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و بە ماتۆڕگەلی جۆربەجۆرو تازەی ئاسایی و جێت ئەنجامی گرتووە.

«یەحیا سەریع» وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕوو لە دەوڵەتی عەرەبستان پێی داگرت: ئێمە دەتوانین ھەر شوێنێک کە بە پێویستی بزانین بکەینە ئامانج، کەوا بوو ڕیاز دەبێ ھەڵسەنگاندنەکانی خۆی بگۆڕێت و کۆتایی بە دەست درێژکاری و گەمارۆکانی بھێنێت.

بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن ڕۆژی شەممە لە ھەڵمەتێکدا بە ناوی «توانایی بەرپەرچ دانەوەی دووھەم» پاڵاوگەکانی «بەقیق»و «خەریس»  ھەڵکەوتوو لە ڕۆژھەڵاتی عەرەبستانیان دایە بەر پەلاماری فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی.

ھەرێمی نەوتیی «بەقیق» لە ڕۆژھەڵاتی عەرەبستاندا ھەڵکەوتووە کە توانایی بەرھەمھێنانی حەوت ملوێن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا ھەیەو سەر بە کۆمپانیای نەوتیی ئارامکۆی عەرەبستانە.

سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن بە شێوەی ڕۆژانە قوڵایی خاکی عەرەبستان دەدەنە بەر پەلامار کە دیارە ئەمەش لە کاردانەوە بەرامبەر بە دەست درێژکاریی ھاوپەیمانیی سەعودی بۆ سەر یەمەن و کوشت و بڕی خەڵکی سڤیلی ئەم وڵاتە ئەنجام دەگرێت. ئاستی توانایی و ھێزی بەرەڤانیی سوپاولێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن سەرباری گەمارۆی ھەمەلایەنەی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕژێمی سەعودییەوە ڕۆژلەدوای ڕۆژ پەرە دەستێنی.

سەرپەیڤ