تشرینی یه‌که‌م 01, 2019 15:00 Asia/Tehran
  • بەردەوام بوونی پەلامارەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی عەرەبستان بۆ سەر یەمەن

فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی عەرەبستان ڕۆژی دووشەممە دەیان جار ناوچە جۆربەجۆرەکانی پارێزگای سەعدەیان لە باکووری یەمەن بۆردومان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەواڵیی ئەلمەسیرەی یەمەن؛ لە پەلاماری ئاسمانیی ڕۆژی دووشەممەی عەرەبستان بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی پارێزگای سەعدە لە باکووری یەمەن، زەبر و زیان کەوتووە لە ناوچە ئاوەدان و ژێرخانییەکانی ئەم پارێزگایە. هێشتا هیچ هەواڵ و ڕاپۆرتێک سەبارەت بە زەبرو  زیانی گیانی ئەو پەلامارانە بڵاو نەبۆتەوە. هەروەها راگەیاندرا یەکە مووشەکی و تۆپخانەییەکانی عەرەبستانیش گوندەکانی شاری "شەدا"یان لە پارێزگای سەعدە خستۆتە بن  ئاگری مووشەک و تۆپخانەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە "مەهدی مەشات" سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەمەن چەن ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو کە پەلامای فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و مووشەکەکانمان بۆ سەر عەرەبستان بە پێی شەرت و مەرج رادەگرین  و هیوادارین ئەم کردەوەیە بەرەوڕووی کاردانەوەی ئەرێنیی هاوپەیمانیی سەعوودی ببێتەوە.

بە وتەی "یوسف حازری" وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستیی یەمەن لەو کاتەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسیی یەمەن ئاگربڕی ڕاگەیاندووە هەتا ئێستا ٢٤ شاروومەندی یەمەنی لە پە لامارەکانی هاوپەیمانیی سەعوودی_ ئەمریکاییدا کوژراون. 

عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و  چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە بیانووی گەڕاندنەوەی "عەبدوڕەبە مەسنوور هادی" سەرۆک کۆماری واز لەکار هێناوی یەمەن بۆ سەر دەسەڵات، پەلاماری ئەم وڵاتەیان داوە بەڵام تا ئێستا وێڕای هەموو پەلامارە ئاسمانییەکان و گەمارۆ درانی هەمەلایەنەی یەمەن، لەبەر خۆڕاگریی خەڵکی ئەم وڵاتە نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لە یەمەندا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەستە.

 

سەرپەیڤ