تشرینی یه‌که‌م 13, 2019 14:01 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی کۆمکاری عەرەب بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سوریا

ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەب بە ئیدانە کردنی پەلاماری تورکیا بۆ سەر سووریا، خوازیاری ڕاگیردرانی بوو.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەلیەوموسابیع؛ "ئەحمەد ئەبولغەیت" لە کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی وەزیران دەرەوەی کۆمکاری عەرەب سەبارەت بە سووریا بە ئیدانە کردنی پەلاماری تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا وتی: تورکیا هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی گۆڕینێکی گەورە لە داڕشتی حەشیمەتی و سیستەمی دیموگرافیی ئەو ناوچەیەدا بەدی بێنی.

ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەب داوای لە تورکیا کرد هێزەکانی لە خاکی سووریا بباتە دەرەوە.

ئەبولغەیت ڕاشکاوانە ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا پەلاماردرانی خاکی وڵاتێکی عەرەبی و بەزێندرانی مافی سەروەریی ئەو وڵاتە دێتە ئەژمار و ئانکارا بەرپرسی دواهاتە نالەبارەکانی ئەو هەنگاوەیەتی.

ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەب وتیشی: ئامانج لەو پەلامارە سەربازییەی تورکیا بۆ سەر سووریا جیا کردنەوەی بەشێک لە خاکی ئەم وڵاتەیە.

ئەبولغەیت خوازیاری خۆوەردانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان و پێویستیی دەسڕاگەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی بۆ ئیدانە کردنی پەلاماری سەربازیی تورکیا بۆ سەر سووریا و وەستێندرانی خێرای بوو.

سوپای تورکیا لە ڕۆژی چوارشەممەوە بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و "پاکتاو کردنی سنووری سووریا و تورکیا" لە بوونی ملیشیا کوردەکان کە ئانکارا بە تیرۆریستیان دەزانێ، هێرشی کردۆتە سەر باکووری سووریا.

شایانی باسە ئەو ئۆپەراسیۆنە بە چرای سەوزی دەوڵەتی ئەمریکا دەست پێ بوو.

ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا بەرەوڕووی ئیدانەی بەربڵاوی نێودەوڵەدتی بۆتەوە.

 

سەرپەیڤ