کانونی دوھەم 02, 2020 18:13 Asia/Tehran
  • لەکارکشانەوەی نەتانیاهۆ لەهەموو پۆستە وەزاریەکان

سەرۆک وەزیرانی رژیمی ئیسرائیل لەبەر بەتاوانبار زانرانی لەلایەن دادگەری گشتی ئەو رژیمە، وازی لەهەموو پۆستە وەزارییەکانی خۆی هێنا.

بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی رۆژنامەی زایۆنیی هائارێتس؛ "بنیامین نەتانیاهۆ" سەرۆک وەزیرانی رژیمی زایۆنی پۆستەکانی وەزارەتی تەندروستی، ئاسودەیی، کشت و کاڵ و ڕاگەیشتن بەکاروباری یەهودیان لەدەرەوەی ئیسرائیلی لەئەستۆ بوو.

بەپێی یاساوڕێسای رژیمی ئیسرائیل، کەسێک کە بەتاوانی ئەنجامدانی تاوانێک، دەکەوێتەژێر چاودێریی دادەوانی، ناتوانێ لەپۆستی وەزارەتدا بێ، هەڵبەت ئەو یاسایە، پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئەو رژیمە ناگرێتەخۆ.

نەتانیاهۆ رایگەیاندووە، لەڕۆژانی داهاتوودا جێگرەوەکەی لە پۆستە وەزارییەکان ڕادەگەیێندرێن.

لەهەمان کاتدا، چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاند؛ نەتانیاهۆ دوێشەو(چوارشەممە) بەنووسینی نامەیەک بۆ سەرۆکی پەرلەمان(کنێست) ی ئیسرائیل، خوازیاری پارێزراویی دادەوانی بووە سەبارەت بەو تۆمەت و تاوانانەی دراوەتەپاڵی.

کۆمیتەی کاروباری ناوخۆی کنێست بڕیارە داوای نەتانیاهۆ لێک بدرێتەوەو بێتوو پەسەند بکرێ، پێویستە ئەو داواکاریە لە کنێستدا دەنگی لەسەر بدری.

سەرۆک وەزیرانی رژیمی زایۆنی لەچوار دۆسییەدا تۆمەتبارە بە وەرگرتنی بەرتیل، ڕێککەوتنی ژێربەژێر و کەڵک وەرگرتنی ناڕەوا لە پلەو پێگەی خۆی.

سەرپەیڤ