کانونی دوھەم 22, 2020 14:57 Asia/Tehran
  • «حسان دیاب» پێڕستی ناوی ئەندامانی کابینەی تازەی لوبنانی ڕادەستی میشێل عەون کرد

«حسان دیاب» سەرۆک وەزیرانی تازەی لوبنان شەوی چوارشەممە پێڕستی ناوی ئەندامانی کابینەکەی ڕادەستی «میشێل عەون» سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی ئیرنا،«حسان دیاب» سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە ڕێ و ڕەسمێکی تایبەتی دا لە کۆشکی بەعەبدا بە ئامادە بوونی «نەبیە بڕی» سەرۆکی پەرلەمان،ناوی ئەندامانی کابینەکەی بۆ پەسەندو واژۆ کرانی لە لایەن مێشێل عەونەوە ڕادەستی ناوبراو کرد. لە کابینەی تازەدا وەک باسی دەکرێت وەزارەتخانەکان ژمارەیان بۆ بیست وەزارەتخانە دابەزیوە.

دەوڵەتی پێشووی لوبنان سی وەزارەتخانەی ھەبوو. بە پێی ڕاگەیاندنی میدیاکانی لوبنان، ناوی وەزیرە تازەکان بەم زووانە بڵاو دەبێتەوە.

بە کشانەوەی سەعد حەریری لە ٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، «حسان دیاب» لە کەسایەتییەکانی سوننەو وەزیری پێشووی فێرکردنی باڵای لوبنان بە دەستخستنی ٦٩ دەنگی نوێنەرانی ئەنجومەنی نیشتیمانیی ئەم وڵاتە، وەک سەرۆک وەزیرانی تازە ناسێندراو لە لایەن «میشێل عەون»ی سەرۆک کۆماری لوبنانەوە ئەرکی پێکھێنانی کابینەی تازەی پێ سپێردرا.

سەعد حەریری لە سیانزەھەمین ڕۆژی خۆپیشاندانی دژی دەوڵەتیی جەماوەری لوبنان لە پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کشایەوە.

لوبنان لە ١٧ی ئۆکتۆبەرەوە ھەتا ئێستا  خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە ڕەوشتی باج و قەیرانی ئابووری بەخۆیەوە دەبینێت . بێکاری، دەستکورتیی ئابووری، کەڵەکە بوونی قەرزی دەوڵەت و بە تایبەت بارستایی لەڕادەبەدەری گەندەڵی دەشێ وەک چوار ھۆکاری سەرەکیی ناڕەزامەندییەکانی لوبنان دەستنیشان بکرێت. ئاستی بێکاری لەنێو کەسانی ژێر ٣٥ ساڵی لوبنانی نزیکەی لەسەدا ٣٧ـە. ئەم ڕادەیەی بێکاری تەشەنە سەندنی ھەژاری و دەستکورتیی لە لوبناندا بەدواوە بووە.