ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودی ھۆکاری تێکچوونی ڕەوشتی تەندروستیی یەمەنە
وەزارەتی تەندروستیی یەمەن ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودیی بە بەرپرسی تێکچوونی ڕەوشتی تەندروستیی یەمەن زانی.
وەزارەتی تەندروستیی یەمەن ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند: وڵاتانی دەست درێژکار کە لە سەر گەمارۆدانی یەمەن بەردەوامن و ڕێگرن لە بەردەم گەییشتنی کەرەستەو پێداویستیی پزیشکی بەمەبەستی بەرنگار بوونەوەی ڤایرۆشی کۆرۆنا، بەرپرسی دۆخی نالەبارو قەیراناویی تەندروستی و دەرمانی یەمەنن.
وەزارەتی تەندروستیی یەمەن وتووشیەتی: ھەتا ئێستا ھیچ نمونەیەکی کۆرۆنا لەم وڵاتەدا بەدی نەکراوە.
عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە ، ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.
سەرباری ئەمەش ڕژێمی سەعودی و ھاوپەیمانەکانی ھەتا ئێستا نەیانتوانیوە لە بەر خۆڕاگریی جەماوەری یەمەن ئامانجەکانیان لەم وڵاتە مسۆگەر کەن کە بە دەستەڵات گەیاندنی دەستنیاکانی خۆیانە.