ئادار 24, 2020 17:57 Asia/Tehran
  • وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین: گەمارۆی سەر کەرتی غەززە دەستبەجێ ھەڵوەشێتەوە

وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بەرپرسایەتیی شپرزە بوونی باری تەندروستی و تەشەنای کۆرۆنای لە کەرتی غەززە خستەسەر شانی ڕژێمی زایونییەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی فەلەستین ئەلیەوم، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە ڕۆژی سێ شەممە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: ڕژێمی زایونی بەرپرسی شپرزە بوونی ڕەوشتی تەندروستیی ئەو دوو ملوێن فەلەستینییەیە کە لە کەرتی غەززەدا بەرەوڕووی ھەل و مەرجێکی دژوارن.

ئەم وەزارەتخانەیە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە کەرەستەی تایبەت بە تاقیکردنەوەی کۆرۆنا لە کەرتی غەززە گەلێک بەرتەسک و نوقسانە.

وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان و تەواوی ئەو دامەزراوانەی کە لە بواری یارمەتیی مرۆڤدۆستانە چالاکی دەنوێنن، داوای کرد ھەتا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر کەرتی غەززە ھەوڵی دەستبەجێ بدەن.

بەرلەمەش « خەلیل حەییە» ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین(حەماس»یش پێی داگرتبوو کە بەرپرسایەتیی تۆکمەوتەواوی ڕێگری کردن لە ناردرانی کەرەستەو شت و مەکی پزیشکی بۆ کەرتی غەززە بە مەبەستی بەرنگار بوونەوەی کۆرۆنا لە ئەستۆی ڕژێمی زایونییە.

بە پێی ئەو ڕێژەیەی کە لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینەوە بڵاو بووەتەوە، ھەتا ئێستا ٥٩ فەلەستینی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھاتوون کە ٥٧ کەسیان لە دانیشتووانی کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن و دوو کەسیشیان دانیشتوی کەرتی غەززەن.