نیسان 01, 2020 10:03 Asia/Tehran
  • داکەوتنی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا لە لیبی

بەرگریی ئاسمانیی ھێزەکانی ژێر فەرمانی ژەنراڵ «خەلیفە حەفتەر» فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیایان خستە خوارەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ھەواڵدەریی کەناڵی لیبیا، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی تورکیا ئوای ھەستانی لە بنکەی سەربازیی «مەعیتیقە» کرایە ئامانج و لە باشووری پێتەختی لیبی داکەوت.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە ناوەندی زانیاری گەیاندنی ھەوڵمەتی «بۆرکانی توڕەیی» سەربە دەوڵەتی ھاوپەیمانیی نیشتیمانی لە بەیاننامەیەک دا باسی گەییشتنی دوو فڕۆکەی بارھەڵگری ئیماراتیی دیکەی بۆ ڕۆژھەڵاتی لیبی کردووە کە لەژێر ڕکێفی ھێزەکانی ژەنراڵ حەفتەردایە.

لە بەیاننامەکەدا ھاتووە کە بەرنامەی پێ و شوێنگرتنی ئاسمانی سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێ شەممە گەشتی دوو فڕۆکەی بارھەڵگری سەربازیی لە بنکەی سەربازیی «سوبحان» لە ئەبوزەبییەوە بەرەو  بنکەی ئاسمانیی «ئەلخادیم» لە باشووری شاری ئەلمەرج لە ڕۆژھەڵاتی لیبیی پێ و شوێن گرتووە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەریش دەوڵەتی ھاوپەیمانیی نیشتیمانی باسی پێ و شوێنگرتنی گەشتی سێ فڕۆکەی بارھەڵگری سەربازی لە ئەبوزەبییەوە بەرەو ئەلمەرجی کرد بوو. 

لیبی لە ئاپریلی ٢٠١٩ەوە توندوتیژی و ئاڵۆزی و ناپاوەجێیی بەخۆیەوە دەبینێت.

ھێزەکانی ژێر فەرمانی ژنراڵ »خەلیفە حەفتەر» ناسراو بە سوپای نیشتمانیی لیبی لە چوارەمی ئاپریلی ٢٠١٩ ەوە بە داکۆکیی عەرەبستانی سەعودی  و میسر و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و بڕێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، پەلامارێکیان بە مەبەستی داگیرکردنی تەرابلۆسی پێتەختی ئەم وڵاتە دەست پێ کردووەو کەچی ھەتا ئێستا لەو ئامانجەیاندا سەرنەکەوتوون.

لەم ناوەدا تورکیاش لە دەوڵەتی ھاوپەیمانیی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتیی «فائیز سەراج» داکۆکی دەکات.

ھەوڵی نێونەتەوەیی بۆ چەسپاندنی ئاگربڕ و ھەروەھا دانوستانی ئاشتیی نێوان ھەردووک لای پێکدادانەکانی لیبی ھەتا ئێستا ھیچی لێ نەکەوتووەتەوە.