نیسان 04, 2020 07:43 Asia/Tehran
  • بەردەوامیی ھێرشی فڕۆکەشەڕکەرەکانی ھاوپەیمانیی سەعودی بۆ سەر یەمەن_ نۆزدە ھێرش لە ماوەی ٢٤ کاژێردا

کەناڵی مەسیرەی یەمەن، شەوی شەممە ڕایگەیاند: فڕۆکەشەڕکەرەکانی ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودی لە ماوەی ٢٤ کاژێری ڕابردوودا ١٩ جار ھێرشیان کردە سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتەو بوردومانیان کردن.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئیرنا، کەناڵی تەلەفزیۆنیی مەسیرەی یەمەن جەختی لەوە کردەوە کە پارێزگاکانی سەعدە، جوف، مەئرەب، عیمران و حیججە کەوتوونەتە بەر شاڵاوی فڕۆکەشەڕکەرەکانی ھاوپەیمانیی سەعودی.

بە پێی ڕاگەیاندنی کەناڵی مەسیرە لەم شاڵاوانەدا سێ کەسی سڤیل کوژراون و کۆمەڵێکیش بریندار بوونە. 

عەرەبستانی سەعودی وێڕای هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەوبە پاڵپشتیی ئەمریکا لە مارسی ٢٠١٥ ەوە هێرشێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کرد و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. 

شەڕهەڵایساندنی عەرەبستان لە یەمەن کوژرانی پتر لە شانزەهەزار یەمەنی و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و هەڵوەدا بوونی ژمارەیەکی زۆری یەمەنییەکانی لێ کەوتووەتەوە .

دەست درێژکاریی سەربازیی عەرەبستان ھەروەھا وڵاتی دەستکورتی یەمەنیشی لەگەڵ کەم بوونی خۆراک و دەرماندا بەرەوڕوو کردووەتەوە

سەرباری ئەمەش ڕژێمی سەعودی و ھاوپەیمانەکانی ھەتا ئێستا نەیانتوانیوە لە بەر خۆڕاگریی جەماوەری یەمەن ئامانجەکانیان لەم وڵاتە مسۆگەر کەن کە بە دەستەڵات گەیاندنی دەستنیاکانی خۆیانە.