ئاب 08, 2020 15:27 Asia/Tehran
  • دژایەتی کردنی سەرۆکی لوبنان لە گەڵ لێکۆڵینەوەی نێودەڵەتیی لە باەرەی تەقینەوەکەی بەیرووت

سەرۆکی لوبنان، میشێل عەون، ڕەتیکردەوە لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە ڕووداوی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت بکرێت و بە ونکردنی ڕاستییەکانی وەسفکرد.

 

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە کە میشێل عەون لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە کۆشکی کۆماری، جەختی لەوە کردەوە کە ئامانج لە داواکردنی لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکە شاردنەوەی ڕاستییەکانە و "دادگەرییەکی دواخراو، دادگەری نییە".

عەون ئاماژەی بەوە کرد، "لەڕێی ئەو لێکۆڵێنەوانەی ئێستا ئەنجامدەدرێن، ڕاستییەکان ئاشکرادەکرێن و دادگەری دەهێننەدی، کەسیش ناتوانێت بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا بیبات یاخود لەبەردەم ئاشکراکردنی ڕاستییەکان ڕێگر بێت، دەرگای دادگاکان بەسەر گەورە و بچووکدا کراوە دەبن".

سەرۆکی لوبنان ڕاشیگەیاند، "ئەگەر خۆمان نەتوانین حوکمی خۆمان بکەین، کەس بۆی نییە حوکممان بکات، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی منیشدا پێشێلی سەروەریمان ناکرێت".

لە ئێستادا، لایەنەکانی لوبنان هەڵوێستیان لەبارەی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان و خودی ڕووداوەکەی لوبنانەوە جیاوازن، حزبی هێزە لوبنانییەکان و ڕەوتی داهاتوو و حزبی پێشکەوتنخوازی سۆسیالیستی و کەتائیب داوای لیژنەیەکی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ لێکۆڵینەوەکان، ڕەوتی نیشتمانیی ئازاد و حزبوڵاش دژی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتین.

عەون لە هەمان کۆنفرانسدا باسی لەوە کردبوو کە ئەگەر هەیە دەستی دەرەکی لە پشت تەقینەوەکەوە بێت، ئیدی لەڕێی بەکارهێنانی بۆمب، مووشەک یاخود هەر کارێکی دیکەوە بێت.بڕیارە سبەی یەکشەممە، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆنفرانسێک بۆ ئەو لایەن و وڵاتانەی جیهان ڕێکبخرێت کە بە نیازن یارمەتی و پاڵپشتی لوبنان بکەن.

سەرپەیڤ