تشرینی یه‌که‌م 21, 2020 23:17 Asia/Tehran
  • سکاڵای دەزگیرانەکەی خاشقچی دژی پاشمیری سەعودی

«خەدیجە چەنگیز» دەزگیرانی «جەمال خاشقچی» بە فەرمی دژی «موحەممەد بن سەلمان» پاشمیری عەرەبستانی سەعودی و تەواوی کاربەدەستانی سەعودی کە لە کوشتنی ئەم ڕۆژنامەنووسە ڕەخنەگرەی سەعودی ڕۆڵیان ھەبووە سکاڵای بەرز کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، دامەزراوەی ناسراو بە «ڕێکخراوەی دیموکراسی بۆ جیھانی عەرەب» شەوی چوارشەممە ڕایگەیاند: دوو پارێزەر بە نوێنەرایەتی لە لایەن «خەدیجە چەنگیز»و دامەزراوەی باسکراو ھەستاون بە ئامادە کردنی سکاڵایەک دژی پاشمیری سەعودی و زیاتر لە بیست کەس لەوانەی وا لە کوشتنی خاشقچی دا دەستیان ھەبووە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندنی «ڕێکخراوەی دیموکراسی بۆ جیھانی عەرەب» ئەم سکاڵایە ڕادەستی دادگەی ئیدارەی کۆلۆمبیا لە واشێنگتۆن کراوە.

جەماڵ خاشقچی ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگرو نەیاری  ڕژێمی سەعوودی دووی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ پاش چوونە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵی تورکیا بە شێوەیەکی دڵتەزێن لە لایەن فەرمانبەرانی ڕیازەوە کوژرا.

ناوی "جەماڵ خاشقچی" ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگرو نەیاری  ڕژێمی سەعوودی، لە لیستی کەسانی پێ و شوێنگیراوی کاربەدەستانی ڕیازدا بووە و ھەر لە بەر ئەمەش لە ترسی گیران و لەبەند کران، لە دەروەی عەرەبستاندا دەژیا.

دادئەستێنی سەعودی لەم دواییەدا بە بیانووی پڕوپوچ تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیەی دەرباز کرد.

سەرپەیڤ