کانونی یه‌که‌م 22, 2020 20:35 Asia/Tehran
  • دوبەی دەبێتە ناوەندێکی ڕەوشت نزمی بۆ گەشتکارانی ئیسرائیلی

سەرچاوە میدیاییەکانی عیبری زمان باسی ئەوەیان کردووە کە لە ئێستادا دوبەی بووە بە شارێکی پڕ لە گەندەڵی و ڕەوشت نزمی و زایونییەکان لە ئاستێکی باڵادا حەز بە سەردانی ئەم شارە دەکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێ شەممەی قودسی عەرەبی، کەناڵی ١٣ی ڕژێمی زایونی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەنێوان ئیمارات و ڕژێمی ئیسرائیل، دوبەیی کردووە بە شارێکی مەبەست بۆ ڕابواردنی زایونییەکان، بە جۆرێک کە ھوتێلەکانی دوبەی بوونەتە مەکۆی خواردنەوەو بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان.

ئەم کەناڵە وتووشیەتی: ھەڵسوڕاوانی کۆمەڵایەتیش گەلێک جار داوایان لە کابینەی ڕژێمی زایونی کردووە کە گەشت کردن بۆ ئیمارات لە ترسی تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا قەدەغە بکەن، کەچی تەلەبیب لە ترسی سەرھەڵدانی قەیرانی دیپلۆماسی ناوێرێ ئەو کارە بکات.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی «یەدیعوت ئاحارانۆت» لە لێکۆڵینەوەیەک دا باسی ئەوەی کردووە کە، لەوەتەی ڕێککەوتنی سازان واژۆ کراوە، گەشت کردن بۆ دوبەی بە مەبەستی ڕابواردن و کاری ڕەوشت نزمانە لەنێو لاوانی ئیسرائیلی برەوی پەیدا کردووە.

کەناڵی ١٢ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایونیش ماوەیەک لەمەوپێش وای بڵاو کردەوە کە، لەکاتی جێبەجێکرانی ڕێککەوتنی سازان لە نێوان ئیمارات و ڕژێمی زایونی، کۆمەڵێک لە تاوانبارانی ئیسرائیلی کە لە بەر دۆسیەگەلی کوشتن و قاچاخی ماددە ھۆشبەرەکان کەوتوونتە بەر پەیگەڕ، بەرەو دووبەی ھەڵاتوون.

ئیمارات یەکەم وڵاتی عەرەبیی ھەرێمی کەنداوی فارس بوو کە بە ناوبژیڤانیی «دۆناڵد ترەمپ»ی سەرۆک کۆماری ماوەبەسەرچووی ئەمریکا لە بەرواری ١٢ی ئاگۆستی ڕابردوو بە فەرمی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی زایونی ڕاگەیاند. 

سەرپەیڤ